بڕیارە سبەی لە شەرمولشێخ لە میسر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرۆك و بەرپرسانی باڵای دنیا رێوڕەسمی واژووكردنی ئاگربەست و رێككەوتنی ئاشتی لە كەرتی غەزە ساز بكرێت، هاوكات بڕیارە بەیانیی سبەی دەست بە ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان و گیراوە فەلەستینییەكان بكرێت.
شووش بەدرسیان گوتەبێژ بە ناوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، بڕیارە سبەی دووشەم بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكرێن و دوای ئازادكردنی ئەوان، گیراوە فەلەستینییەكان ئازاد دەكرێن، ژمارەی بارمتە زیندووەكان 20 بارمتەن و مردووەكانیش كە بڕیارە تەرمی ئەوان لە دوای زیندووەكان رادەست بكرێت 28 بارمتەن، ئەوەش بەپێی یەكەم قۆناغی پلانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا.
بەپێی قۆناغی یەكەمی پلانەكەی ترەمپ، بڕیارە سبەی دووشەم حەماس بارمتە زیندووەكان ئازاد بكات و ئینجا ئیسرائیل نزیكەی هەزار گیراوی فەلەستینی ئازاد دەكات، لەوكاتەی حەماس رای گەیاند كە ناتوانێت لە ماوەی 72 سەعاتی بۆی دیاری كراوە تەواوی تەرمی بارمتە مردووەكان رادەست بكات و پێویستە بەدوایاندا بگەڕێت، بۆیە بڕیارە تیمێكی نێودەوڵەوتی بۆ ئەو مەبەستە پێك بهێنرێت كە لە نوێنەرانی میسر و قەتەڕ و ئەمەریكا و توركیا پێك دێت.