شارەزایان: ئەمەریكا دوای وریاكردنەوەیەكی زۆر عێراقی سزا داوە

:: PM:08:17:12/10/2025 ‌

بەر لە چەند رۆژێك وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر چەند كۆمپانیا و كەسایەتیی عێراقی بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتی دارایی گرووپە چەكدارەكان و قاچاغی دۆلار بۆ ئێران، لەوانە كۆمپانیای "موهەندیس"ی سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵا و حەشدی شەعبی، شارەزایان پێیان وایە ئەوەی روو دەدات روونترین ئاماژەیە بەوەی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا بەهۆی ئێرانەوە لەپاشەكشەدایە.  

محەمەد تەمیمی توێژەری سیاسی روونی كردەوە كە سزاكانی دوایی ئەمەریكا لە چوارچێوەی گوشاری داراییە كە زیاتر لە دوو ساڵە بەسەر عێراقی سەپاندووە، ئەوەش بۆ رێگرتن لە چوونی دۆلار بۆ ئێران و میلیشیاكانی، ئێستە حكوومەتی عێراق لەبەردەم هاوكێشەیەكی ئاڵۆزە، چونكە دەیەوێ پارێزگاری لە سەقامگیریی دارایی و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا بكات، كە گەورەترین هاوبەشی ئابووریی عێراقە، هاوكات هەوڵ دەدات خۆی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێز و میلیشیا ناوخۆییەكان بپارێزێت. 

لای خۆیەوە نزار حەیدەر توێژەرێكی تری سیاسی دەڵێت، سزاكانی دوایی ئەمەریكا روونترین ئاماژەن بۆ پاشەكشەكردنی پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن، لە دوای ماوەیەك لە وریاكردنەوەی عێراق بە پێویستیی خۆدابڕینی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئێران، ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی داوا لە عێراق دەكات رێوشوێنی دیاری لە رووبەڕووبونەوەی سپیكردنەوەی دراو و وەستانی قاچاغی دۆلار و نەوت بۆ بەرژەوەندی ئێران هەبێت، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبوو، ئەوەش وای كرد واشنتن لە قۆناغی وریاكردنەوە بچێتە قۆناغی سزادانی راستەوخۆ.

ئاشكرای كرد كە لە نۆ مانگی رابردوو ئاماژەی دووبارەكراوەی ئەمەریكا لەبارەی پێویستیی چاكسازیی دارایی و ریشەیی لە لایەن عێراقەوە هەیە، كەچی بەغدا بە رژدی مامەڵەی لەگەڵ وریاكردنەوەكان نەكرد، ئەوەش وای كرد سزاكانی دوایی بە بۆچوونی ئەمەریكا پێشبینیكراو بن.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل