رووداوێكی تەقەكردن لە ئەمەریكا 24 كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە

:: PM:08:38:12/10/2025 ‌

بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەك لە ئەمەریكا، ناوە ناوە رووداوی تەقەكردن روو دەدات و قوربانی لێ دەكەوێتەوە، ئەمڕۆ یەكشەم لە ویلایەتی ساوس كارۆلاینای ئەمەریكی لە ئەنجامی رووداوێكی تەقەكردن لە ناو چێشخانەیەك لە ناوچەیەك لە دوورگەی سانت هیلینا، چوار كەس كوژران و 20ی تریش بریندار بوون. 

نووسینگەی فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی بیۆرفۆرت سەر بەو ویلایەتە رای گەیاند كە پۆلیس لە رووداوێكی تەقەكردن ئاگەدار كرایەوە و بەرەو یانەی "ویلیز بار ئاند گریل"، چوون ژمارەیەك برینداریان لەو شوێنە دۆزیەوە كە بەهۆی گولەوە پێكرابوون و برینی چواریان سەخت بوو، روونی كردەوە، كاتی رووداوەكە سەتان كەس لەو یانەیە بوون.

دوورگەی سانت هیلینا ناوەندێكی مێژوویی كولتووریی ئەمەریكییە بە رەگەز ئەفریقییەكانە.

ئەو جۆرە رووداوانە لە ئەمەریكا زۆر دووبارە دەبێتەوە، كە كێشەیەكی گەورەی لە نێوان دیموكراتەكان و كۆمارییەكان دروست كردووە، دیموكراتەكان داوای رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی چەكداری و دانانی كۆتی توند لەسەر هەڵگرتنی چەك دەكەن، كەچی كۆمارییەكان بەرگری لە هەڵگرتنی چەك دەكەن، لە بەرانبەردا داوای توندكردنی یاساكانی ئێستە دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل