بڕیارە سبەی سەركردەكانی زیاتر لە 20 دەوڵەتی دنیا، لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە شەرمولشێخ لە میسر ئامادەی واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی و ئاگربەستی غەزە بن، كە لەسەر بنەمای پلانێكی ترەمپ هاتە كایەوە، بەپێی پلانەكە، كە لە چەند قۆناغێك پێك هاتووە و دوورودرێژە، كێشەی نێوان ئیسرائیل و حەماس چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوەیان تا چەند لە بەرژەوەندیی ئێرانە؟
لەوكاتەی راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن
ئیسرائیل و ئەمەریكا واز لە ئێران نایەنن و پێیان وایە دەبێت بە خۆشی و ناخۆشی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی سنووردار بكات و بیخاتە ژێر چاودێریی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، باسی ئەوەش دەكرێت كە لە دوای شەڕی غەزە چاوی ئەو دوو وڵاتە و سەرنجیان زیاتر دەخرێتە سەر ئێران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە، ئێرانیش خۆی بۆ پەرەسەندنەكان ئامادە كردووە.
لە ماوەی دوایی ئێران یەكێك بوو لەو دەوڵەت و لایەنانەی پاڵپشتیی خۆی بۆ پلانەكەی ئەمەریكا لەبارەی غەزە راگەیاند، كە ئەوەش شتێكی نوێ بوو، بەڵام وەك لە راپۆرتێكدا هاتووە، ئێران پاساوی بۆ ئەم هەڵوێستەی و ترسی لە هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر تاران هەیە و ئەویش تا ئاستێكی زۆر لاوازە، عەلی فایز بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی تەنگژە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت، بێگومان ئەوەیان ساتێكی شانازیپێكردن نییە بۆ ئێران، چونكە سیستمی هاوپەیمانیەتییەكانی لە ناوچەكە وێرانە، ئەگەرچی لەناو نەچووە.
لای خۆیەوە عەلی فەتحوڵانەژاد بەڕێوەبەری ناوەندی بەرلین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستمی دنیا دەڵێت، ئەو ئاگربەستە بەرجەستەی رووخانی دەسەڵاتی ئێرانە لە دوای لێكهەڵوەشانەوەی بەرەی موقاوەمەت لە 2024، ئاگربەستەكە وا دەكات ئیسرائیل بتوانێت توانا سەربازییەكەی بۆ بەكارهێنان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران ئامادە بێت، جا لە لبنان لە دژی حزبوڵا یان راستەوخۆ لە دژی ئێران، بۆیە كاتەكە لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە، بەڵام كێشەكەی ئەوەیە هیچ لایەك دەربازێكی دیاری پێ نابەخشێت، ئەگەر بۆشی كرایەوە، كەس نازانێت ئاخۆ تاران دەیگرێتە بەر یان نا.