ئەمڕۆ دوور لەو لووتكەی لە هاوینەهەواری شەرمولشەیخی میسری بۆ دەیان سەركردەی دنیا بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت بۆ واژووكردنی بەڵێننامەیەكی گەرەنتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە غەزە كە لەسەر پلانێكی سەرۆكی ئەمەریكا بنیات نراوە، لە دوای ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە غەزە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی بارمتە و گیراوەكانی ئیسرائیلی و فەلەستینی بەڕێوە چوو.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی
حەماس رای گەیاند كە تەواوی بارمتە زیندووەكانی ئیسرائیلی بە دوو وەجبە ئازاد كردووە، جیا لە رادەستكردنی چوار تەرمی بارمتەی مردوو، ئیسرائیل رای گەیاند كە 1966 گیراوی فەلەستینی بەپێی رێككەوتنەكە ئازاد كردووە.
سەرچاوە ناوخۆییەكان لە غەزە ئاماژە دەكەن كە چەند پاس و ئەمبولانسێكی سەر بە رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی گیراوە فەلەستینییەكانیان لە گرتووخانەی عۆفەر بەرەو كۆشكی رامەڵای كولتووری گواستووەتەوە، لەو شوێنەی سەتان لە كەسوكاریان چاوەڕوانی ئەوانیان دەكرد، بەپێی رێكخراوەكە ژمارەیەكی زۆری وئەو گیراوانە بەتەمەن و نەخۆشن.
شایەنی باسە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رای گەیاند كە 20 بارمتەی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە بە دوو وەجبە رادەست كراوە و ئەوانیان رادەستی ئیسرائیل كردووەتەوە، كەناڵی 12ی ئیسرائیلیش ئاماژەی كرد كە هیچ بارمتەیەكی تری زیندووی ئیسرائیلی لای حەماس نەماون، حەماس دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئەمڕۆ تەرمی چوار بامتەی مردووی ئیسرائیلی رادەست دەكاتەوە.