بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ئێستە ئامادەسازییەكانی كۆمسیۆن لە قۆناغی بانگەشەدایە كە تا رۆژێك بەر لە دەنگدانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، پەرلەمانتارێكی عێراق ناوی ژمارەیەك لە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئاشكرا دەكات.
موختار مووسەوی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە قسەوباس لەبارەی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق چەند ناوێك لەخۆ دەگرێت، ئەو گوتی، ئەو ناوانە باسیان دەكرێت بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت كە ئەگەری هەیە پێكهێنانی پێویستی بە كاتێكی زۆر هەبێت.
روونی كردەوە، لەوانەی بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كاندیدن، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەدنان زورفی و قاسم ئەعرەجی و حەمید شەتری و عەبدولحوسێن عەبتان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێراقن، دووپاتی كردەوە كە رەنگە كێبەركێ لە نێوان مالیكی و زورفی زۆر توند دەبێت، بەو پێیەی زورفی خاوەن پێوەندییەكی باشی ناوخۆیی و دەرەكییە، هەرچی سوودانییە چانسی بردنەوەی لاوازە.
لە لایەكی تر سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە ئێستە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، یەكەمیان پاڵپشتی لە نووری مالیكی دەكات و ئەوەی تر لە سوودانی، بە گشتی لیستی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ 12 كەس لەخۆ دەگرێت.