لووتكەی شەرمولشێخ بۆ واژووكردنی رێككەوتنی غەزە دەستی پێ كرد

:: PM:07:27:13/10/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەم رێككەوتنی ئاشتی لە غەزە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و زیاتر لە 20 سەركردە و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا لە هاوینەهەواری شەرمولشێخی میسری بەڕێوە بچێت، كارەكانی ئەو لووتكەیە بە سەرپەرشتیی هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و میسر دەستی پێ كرد.

ئەمڕۆ دوای مانەوە بۆ كەمتر لە شەش سەعات لە ئیسرائیل و دواكەوتنی بۆ سێ سەعات لە لووتكەكە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتە شەرمولشێخ و لەوێ پێشوازی لە سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار لە لووتكەكە كرد، ئینجا وێنەیەكی بەكۆمەڵیان بۆ یادگاری گرت و كارەكانی لووتكەكە دەستی پێ كرا.

بەپێی سەرچاوەكان جیا لە ترەمپ و سیسی، مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن و شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرێن و فەیسەل بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و شێخ مەنسوور بن زاید ئال نەهیان جێگری سەرۆكی ئیمارات و شێخ ئەحمەد عەبدوڵا ئەحمەد سەباح سەرۆك وەزیرانی كوێت و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشدارن.

هەرچی لە دنیایە بڕیارە هەریەكە لە خوان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا و كێیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و فریدریش میرتس راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆك وەزیرانی هەریەك لە پاكستان و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئامادەی رێوڕەسمەكەن.

بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەكان لە لووتكەی شەرمولشێخ، وڵاتانی بەشدار لە رێككەوتنەكە، واتە ئەمەریكا و توركیا و میسر و قەتەر، بەڵێننامەیەك واژوو دەكەن كە گەرەنتیی جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنی ئاشتی غەزە دەكات، ئەوان دەبنە گەرەنتیكار بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی ترەمپ، لووتكەكەی ئەمڕۆش بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا و میسر دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل