لە شەرمولشێخ بەڵێننامەیەك ئاشتی لە غەزە واژوو كرا

:: PM:08:00:13/10/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەم لە میسر لووتكە و رێوڕەسمێك بۆ واژووكردنی بەڵێننامەیەكی گەرنتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاشتی لە غەزە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و زیاتر لە 20 سەركردە و سەرۆك وەزیرانی دنیا ساز بكرێت، كارەكانی لووتكەكە دەستی پێ كرد و بەڵێننامەكە هاتە واژووكردن.

لووتكەكە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر دەستی بە كارەكانی كرد، سەرۆك ترەمپ لە سەرەتای لووتكەكە وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی ئامادەبوونی سەركردەكانی كرد، دوای ئەوە بەڵێننامەكە لە لایەن ئەمەریكا و میسر و قەتەر و توركیا هاتە واژووكردن، لەبارەی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە.  

ترەمپ بەر لە واژووكردنی بەڵێننامەكە، كە لە لایەن ترەمپ و سیسی و ئەردۆغان و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ساتی میری قەتەڕ واژوو كرا، گوتی، لەو بەڵێننامەیە یاسا و بنەماكانی رێككەوتنەكە روون كراوەتەوە كە زۆر فرەوانە، لووتكەی شەرمولشێخ رۆژێكی گەورەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆتادا گەیشتینە چارەسەری بۆ ئەو بابەتەی زیاتر لە سێ هەزار ساڵ بەردەوام بوو و رەنگە ئەوەیان سەختترین ململانێیە لە دنیا. 

ئەو دووپاتی كردەوە كە هێشتا هەندێك دۆسیە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانە تەرمی بارمتە مردووەكانی ئیسرائیلی كە هێشتا گەڕان بەدوایان بەردەوامە و چەند تیمێك ئەو كارە دەكەن، سوپاسی سەركردەی ئەو وڵاتانەی ناوچەكە دەكەین كە هەوڵی ناوەندگیرییان دا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل