ترەمپ لەبارەی عێراقەوە چی گوت؟

:: PM:09:02:13/10/2025 ‌

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لووتكە و رێوڕەسمێك بۆ واژووكردنی بەڵێننامەی گەرەنتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست و ئاشتی لە غەزە لە شەرمولشێخی میسر بەڕێوە چوو، ترەمپ وتەیەكی پێشكەش كرد و رووناكی خستە سەر چەند پرسێك لەوانە نەوتی عێراق.

ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی دنیا باسی چەند پرسێكی گرنگی كرد، لەوانە واژووكردنی بەڵێننامەی وەستانی شەڕی غەزەی بە مێژوویی لە قەڵەم دا، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەوەی زۆرێك بە ئەستەمیان دەزانی ئێمە پێی گەیشتین، كە بریتی بوو لە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ترەمپ سەبارەت بە عێراق گوتی، عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام ئەگەر نەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بە شێوەیەكی دروست ئیدارەی ئەو سامانە بدەن، تووشی كێشە دەبنەوە.

ترەمپ سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی كرد كە بەشدارییان لە هەوڵەكانی هێوركردنەوە و وەستانی شەڕی غەزە و سەركەوتنی گفتوگۆكان و رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس كرد، دووپاتی كردەوە كە شەڕی غەزە كۆتایی هات و ئێستە یارمەتییە مرۆییەكان بەرەو كەرتەكە دچن. 

دووپاتی كردەوە، ئێستە هەموو هەوڵەكان بەرەو بەدیهاتنی ئاشتییەكی بەردەوامە لە ناوچەكە، هیوادارم هەمووان بێنە ناو رێككەوتننەكانی ئیبراهیمی، گەڕانەوەی بارمتەكان كارێكی گەورە بوو و ئێستە گەلی ئیسرائیل هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكات، شەڕی غەزەمان كۆتایی پێ هێنا و ئەوەش دەبێتە سەرەتای رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی بەهێز كە لە ئاشتیدا بژی و نەفرەت لە تیرۆر بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل