بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن، شارەزایان پێیان وایە ئەمەریكا بە وردی چاودێریی هەڵبژاردنەكە و ئەنجامەكانی دەكات و لەسەر ئەو بنەمایە پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا رێك دەخاتەوە، هاوكات بەشداریكردنی میلیشیاكان و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، بە سەركەوتنی دەسەڵاتی ئێران دادەنێت.
چاودێران پێیان وایە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران هەوڵ دەدەن قەرەبووی لەدەستدان و لاوازبوونی دەسەڵاتیان لە عێراق لە رێگەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بكەنەوە، لە بەرانبەردا حكوومەتی عێراق لەبەردەم بژارەیەكی سەختە بەهۆی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ دوورخستنەوەی ئەو میلیشیایانە لە پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات و گوشاری میلیشیاكان بۆ مانەوەیان لە گۆڕەپانەكەدا.
عەبدولغەنی غەزبان توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە بوونی ئەو میلیشیایانە لە ناو كێبەركێی هەڵبژاردن، مەترسیی ناوخۆیی و دەرەكی دروست دەكات، ئەمەریكا وا سەیری بەشداریكردنی ئەوان لە هەڵبژاردن دەكات كە هەوڵێكە بۆ زیادكردنی دەسەڵاتی ئێران لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە گوشار بەو ئاراستەیە دەكات بۆ قەدەغەی بەشداریكردنی ئەو حزبانەی باڵی سەربازییان هەیە لە پرۆسەكە و كایەی سیاسی.
ئاماژەی كرد، ئێستە پێوەندییەكانی حكوومەتی عێراق و لایەنی ئەمەریكی باش نییە، ئەوەش پێویست دەكات بەغدا پەیامی ئەرێنی بۆ بەهێزكردنی متمانە لە رێگەی گرتنی جڵەوی میلیشیاكان و جێبەجێكردنی دەستوور بۆ ریگرتن لە تێكەڵكردنی سیاسەت و چەكداری بۆ ئەمەریكا رەوانە بكات.