لە ماوەی دوایی هەوڵێكی چڕی ئەمەریكی هەبوو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاداری دیمەشق لە نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا، كاتێك مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا جارێكی تر لە دیمەشق كۆ بوونەوە، لەوێ بڕیار درا هەنگاوەكانی یەكخستنی هەسەدە و سوپای سووریا و ئیدارەی خۆسەری لەگەڵ حكوومەتی سووریا خێرا بكرێت.
فەوزە یووسف هاوسەرۆكی شاندی گفتوگۆكار لەگەڵ حكوومەتی سووریا ئاشكرای كرد كە رێككەوتنێكی نێوان دیمەشق و هەسەدە بۆ پێكهێنانی سوپایەكی یەكگرتووی سووری نزیك بووەتەوە و ئەگەر هاتە جێبەجێكردن، دەبێتە گۆڕانكارییەكی مێژوویی، یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا وا دەكات دامەزراوەی سەربازیی سووریا ببێتە دامەزراوەیەكی نیشتمانی بۆ هەموو سوورییەكان دوور لە دابەشكاریی تایفەیی و نەتەوەیی.
روونی كردەوە، كۆبوونەوەكانی دوایی دیمەشق لە نێوان لیژنەیەكی هەسەدە و بەرپرسانی سوپای سووریا، باسی دواڕۆژی پێوەندییەكانی هەردوولا و میكانیزمی یەكخستنی هێزەكان لە چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازیی سووریا كراوە، باسی ئەوەش كراوە هێزەكانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فەیلەقی سەربازی رێك بخرێن، جیا لەوە تاوتوێی هاریكاری لە بواری ئاسایشی ناوخۆیی بۆ مسۆگەریی سەقامگیری كراوە.
سەبارەت بە رێككەوتنی ئیدارەی خۆسەری و دیمەشق گوتی، تا ئێستە زۆرێك لە بڕگەكانی رێككەوتنی ئادار جێبەجێ نەكراوە، سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە سووریا بێ چارەسەرێكی دادوەرانەی دیموكراسی نایەتە دی و هێوركردنەوە مەرجی سەرەكییە بۆ هەر پڕۆژەیەكی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە، ئەوەش بێ رێككەوتنێكی فرەوانی نیشتمانی نابێت.