دوای وەستانی شەڕی غەزە ئێران بە نیازی چییە؟

:: PM:06:18:14/10/2025 ‌

بەپێی راپۆرتەكان ئێران رۆڵێكی گەورەی لە هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەست پێكردنی شەڕی غەزە هەبوو، ئەو ویستی لە رێگەی حەماس و میلیشیاكانی لە ناوچەكە چەند پەیامێك بە ئیسرائیل و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی و كەنداو بگەیەنێت، ئێستە دوای ئەو گورزەی بە خۆی و بەرەی موقاوەمەت كەوت، دەیەوێ لە نوێوە بریكارەكانی بەهێز بكاتەوە، لەوانەش حەماس.

دانی سیترۆنۆفیچ سەرۆكی بەرنامەی ئێران و شیعە لە پەیمانگەی توێژینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە ئێران پلانێكی بەدەستە بۆ دووبارە چەكداركردنەوەی بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی سوودانەوە، ئەوەش دوای ئەو زیانە گەورەی بە بزووتنەوەكە لە شەڕی دوو ساڵی رابردووی لەگەڵ ئیسرائیل كردی.

روونی كردەوە، سوودان دەروازەیەكی گونجاوە بۆ گەیاندنی چەك بە گرووپەكانی وەك حەماس، ئەوەش دوای لاوازبوونی بەرەی موقاوەمەت و ئەو زیانە گەورە سەربازی و سیاسییانەی لە دوای دەست پێكردنی شەڕەكەوە كردیان، كاتێك بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوودانەوە پشێوییەكی گەورە لەو وڵاتە دروست بووە و چەند گرووپێكی ئیسلامی هاوپەیمان لەگەڵ حكوومەتی پۆتسوودان دروست بوون.

ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات كە پێویستە سەرنج بخرێتە سەر بوونی ئێران لە سوودان، كاتێك ئەوان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دروستكردنی بنكەیەك لەوێ، جیا لەوەی بەپێی راپۆرتەكان درۆنی سەربازی بە هێزەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە دەفرۆشن، لەپاڵ ئەوەش سوودان بووەتە دەروازەیەكی گرنگ بۆ ئێران بۆ گەیاندنی چەك بە حەماس، ئێستە ئێران لە ئەفریقیا چالاكە و سوودان رۆڵێكی گەورەی لە گەیاندنی چەك بۆ حەماس دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل