دوای ئەوەی هەسەدە داوای لە عێراق كرد بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووریی رەبیعە بە مەبەستی پێوەندیی بازرگانی و هاتوچۆ و گەشتكردن، حكوومەتی عێراق داواكەی رەت كردەوە، ئەوەش بەو پاساوەی تەنیا مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی سووریا دەكات، ئەو هەڵوێستەی بەغداش وەك پاڵپشتییەك بۆ حكوومەتی سووریا دادەنرێت.
دەروازەی سنووریی
رەبیعە یان یەعروبییە، كەوتووەتە نێوان هەردوو پارێزگای نەینەوای عێراقی و حەسەكەی سووری، لە ئاداری 2013 بە تەواوەتی هاتە داخستن و هێزی سەربازیی عێراقی تیادا بڵاو كرایەوە، دوای ئەوە بەهۆی هێرشەكانی داعش دۆخەكە لەوێ تێك چوو و ئێستە لە سووریا لە ژێر كۆنترۆڵی هەسەدەیە و لە عێراقیش لە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و هێزە تەناهییەكان و تا ئێستە داخراوە.
بەرپرسێكی باڵای عێراق لەوبارەوە گوتی، بەغدا داوایەكی هەسەدەی بۆ كردنەوەی دەروازەكە لە نێوانیان بۆ مەبەستی گەشتكردن و هاتوچۆ و بازرگانی رەت كردووەتەوە، چونكە تا ئێستە ئەو دەروازە لە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق نییە و عێراق رێز لە سووریا دەگرێت، بەغدا تەنیا لە رێگەی دیمەشقەوە مامەڵە لەگەڵ سووریا دەكات.
شایەنی باسە جیا لە دەروازەی سیمالكا لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەسەدە، عێراق خاوەنی سێ دەروازەی سنوورییە لەگەڵ سووریا، ئەوانیش قائیم و وەلید لە ئەنبار و رەبیعە لە نەینەوا، كە رەبیعە لە دیوی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە، عێراق خۆی بۆ كردنەوەی ئامادە كردووە، بەڵام دەیەوێ دوای ئەوەی بكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا ئینجا بیكاتەوە.