ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گەیشتە مۆسكۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا كۆبووەوە، ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، بەر لە چوونی بۆ رووسیا شەرع رای گەیاند كە بە رێگەی یاسایی داوای رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد دەكەن بۆ دادگاییكردنی، بەرپرسێكی رووسیاش داواكە بە سەیر وەسف دەكات و پێشبینیی كرد كە وڵاتەكەی پێی رازی نابێت.
دیمیتری نۆڤیكۆڤ یەكەم جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی دۆمای رووسیا، پەرلەمان، داواكانی بۆ رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا بۆ حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە بە بابەتێكی سەیر وەسف كرد و پێی وا بوو كە ئەگەر رادەستی بكەن دێتە كوشتن.
ماڵپەڕی "لینتا"ی رووسی لە نۆڤیكۆڤی گواستەوە كە داواكە سەیرە، ئەسەد لە رابردوو سەرۆكێكی هەڵبژێردراو بوو لەو وڵاتە، ئێستە ئەگەر بگەڕێندرێتەوە سووریا ئەگەری لەناوبردنی هەیە، زۆر كەسایەتیی پێشووی سیاسی لە وڵاتانی جیاواز لەسەر خاكی رووسیا دەژین، ئەگەر رووسیا رادەستی بكاتەوە، كارێكە دژی بەهاكانی مافی مرۆڤە، بۆیە پێشبینی ناكرێ مۆسكۆ بە رادەستكردنەوەی ئەسەد بۆ حكوومەتی نوێی سووریا رازی ببێت.