سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ رای گه‌یاند، به‌لای وڵاته‌كه‌یه‌وه تا ئێسته شه‌ڕ له غه‌زه و ناوچه‌كه به كۆتا نه‌هاتووه، تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی پرووسكی بارمته‌كانیان نه‌گه‌نه ئیسرائیل و له غه‌زه‌بن، واته رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه و شه‌ڕیش به‌كۆتا نه‌هاتووه.
پێگه‌ی
"عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 16ی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له رێوڕه‌سمی فه‌رمیی له گۆڕستانی "جه‌به‌ل هرتزل" بۆ دووباره ناشتنه‌وه‌ی بارمته مردووه‌كانیان، له لێدوانێكدا گوتی، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه، جارێ به‌ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كراوه و تا ئێسته ژماره‌یه‌ك پرووسكی بارمته‌كانمان له غه‌زه‌ن و نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئیسرائیل، بۆیه تا ئێسته شه‌ڕ به كۆتا نه‌هاتووه.
نه‌ته‌نیاهۆ زیاتر گوتی، شتێكی زۆر روون هه‌یه كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ده‌ستی به‌ڕووی ئێمه‌دا به‌رز بكاته‌وه، ده‌بێ بزانێ باجه‌كه‌ی زۆر قورس ده‌بێت. بۆیه ئیسرائیل له هێڵی یه‌كه‌م ده‌مێنێته‌وه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژكاران. بۆیه ئێمه سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ ته‌واوی پرووسكی بارمته‌كانمان بگه‌نه خاكی ئیسرائیل. هه‌ندێكیان گه‌یشتوون و هه‌ندێكی تریش له غه‌زه ماون.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه كه‌تیبه‌كانی قه‌سام باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس دووپاتی كردووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێی گه‌یشتوون له پرووسكی بارمته ئیسرائیلییه‌كان، راده‌ستی ئه‌و وڵاته كراون، ئه‌وانه‌ی پێی نه‌گه‌یشتوون، پێویستیان به ئامێری پێشكه‌وتوو هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌یان، چونكه هه‌ندێكیان كه‌توونه‌ته ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه رووخاوه‌كان. هاوكات له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن.
دواتریش گوته‌بێژ به‌ناوی حكومه‌تی ئیسرائیل گوتی، ئیسرائیل تا ئێسته پێی وایه بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، پرووسكی ئه‌و بارمه‌ته ئیسرائیلییانه‌ی تا ئێسته نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، بیاندۆزێته‌وه و راده‌ستی ئیسرائیلیان بكاته‌وه.