دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕایانگەیاند، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووکەوە لە شارۆچکەیەکی ویلایەتی میشیگانی ئەمەریكا، سێ کەس گیانیان لەدەست دا.
شارەوانیی "باس تاونشیپ" لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، فڕۆکەکە نزیکەی سەعات پێنجی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ کەوتووەتە خوارەوە و هەر سێ سەرنشینەکەی، کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشكرا نەكراوە، لە شوێنی ڕووداوەکەدا بە مردوویی دۆزراونەتەوە.
وێنەكان كە لەلایەن میدیا ناوخۆییەكانەوە گیراون، ستوونی دووکەڵی چڕ و بڵێسەی ئاگر لە شوێنی ڕووداوەكە نیشان دەدەن كە بە دارستانێكی چڕ دەورە دراوە. بەپێی بەیاننامە فەرمییەكە، تا ئێستا هۆكاری ڕووداوەكە نەزانراوە.
دەسەڵاتداران دووپاتیان كردەوە كە تیمێكی دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکان و دیاریکردنی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە.