تاران هۆشداری دەدات: هێرشەكانی ئیسرائیل و جووڵەكانی ئەمەریكا هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتیی جیهانی

:: PM:12:40:17/10/2025 ‌
ئەمڕۆ هەینی، 17ی تشرینی یەكەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا كە بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی لبنان و جووڵە سەربازییەكانی ئەمەریكا دژی ڤەنزوێلا، هەڕەشەیەكی رژدن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی. هاوكات داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەرپرسیارێتیی خۆی لە ڕاگرتنی ئەم پێشێلكارییانە هەڵبگرێت.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە بەیاننامەیەكدا، گوتی: ئەو هێرشە ئاسمانیانەی قەوارەی زایۆنی كردوویەتیە سەر ئامانجەكان لە باشووری لبنان، پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری و یەكپارچەیی خاكی لبنانە.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەم دەستدرێژییانە پێشێلكاریی ڕوونی ڕێككەوتنەكانی ئاگربەستە، كە بەپێی ئامارەكانی ئێران، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پێنج هەزار پێشێلكاریی تێپەڕاندووە."

ناوبراو گوتیشی "ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانە بوونەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنیی لوبنانی و وێرانكردنی ژێرخانەكان." هاوكات ویلایەتە یەكگرتووەكان و فەڕەنسای، وەك دوو گەرەنتیكەری ڕێككەوتنی ئاگربەست، بە "كەمتەرخەمی" لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی یاسایی و سیاسییان تۆمەتبار كرد.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، گوتەبێژە ئێرانییەكە ئیدانەی جووڵە سەربازییە ورووژێنەرەكانی ئەمەریكا لە نزیك كەناراوەكانی ڤەنزوێلا كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هێرشە بەردەوامەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بەلەمەكانی ڕاوكردنی ماسیی ڤەنزوێلی و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز، پێشێلكارییەكی زەقی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و بنەمای بەكارنەهێنانی هێزە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.

بەقائی دووپاتی كردەوە كە "ئەم سیاسەتە دوژمنكارانەیەی واشنتن و تەلئەبیب، ئاماژەن بۆ گرژییەكی مەترسیدار كە ڕەنگە ئاسایش و سەقامگیری لە چەندین ناوچەی جیهاندا تێك بدات." داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد "جووڵەی بەپەلە" بكات بۆ ڕێگریكردن لە هەر كارێك كە ئاسایشی نێودەوڵەتی تێك بدات.


وشە - پۆڵا مەحموود