سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەمڕۆ هەینی، ئاشكرای كرد كە بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی كارەبا تێوەگلاوە لە گواستنەوەی دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە كە بەهاكەیان بە پێنج ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەبێ ئاگاداریی وەزارەت بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتیی كەسانی دەستڕۆیشتوو.
سەرچاوەكە بۆ بەشێك لە ئاژانسە هەواڵییە عێراقییەكان قسەی كردووە و رای گەیاندووە كە بەڕێوەبەری لقی كارەبای یەكێك لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، تێوەگلاوە لە گواستنەوەی دوو وێستگەی كارەبای جۆری (ئای-هاوس) كە توانای هەر یەكەیان (31.5MV)ـە، بۆ ناوچە كشتوكاڵییە بیابانییەكان بۆ كەسانی دەستڕۆیشتوو "بەرپرسی باڵا"، بەبێ ئاگاداریی سەركردایەتیی باڵای وەزارەت.
هەروەها گوتیشی، ئەو دوو كەسەی كە بەرپرسەكە وێستگەكانی بۆ گواستوونەتەوە، دوو بەرپرسی حكوومین، یەكێكیان ناوخۆیی و ئەوی تریان ئەمنییە و خاوەنی باخن "مەزرەعە" لەو ناوچانەدا.
بەپێی هەمان سەرچاوە، "هەردوو وێستگەكە بە دەسەڵاتی تایبەتی وەزیری كارەبا و بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دیناری عێراقی كڕاون، بە مەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر تۆڕی كارەبا لە باشوور، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، وێستگەكان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت گواستراونەتەوە.