سەرۆكی ئەمەریكا لە پێگەی خۆی "روس سوشیال" بۆ سەرۆكانی رووسیا و ئۆكراینا رای گەیاند، كاتی وەستانی جەنگەكە هاتووە، با هەردوولاتان سەركەوتن رابگەیەنن، ئەویتر مێژوو قسەی خۆی دەبێت، گرنگ جەنگ بەكۆتا بێت.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 18ی تشرینی یەكەم بڵاوی كرووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پێگەی تایبەتی خۆی "روس سوشیال" ئەوەی ئاشكرا كردووە، نزیكایەتییەك لە نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا هەیە بۆ ویستیان بۆ وەستانی جەنگ، بۆیە قسەی لەسەر ئەوە نەكردووە كە پێشتر رای گەیاندبوو بە چەكی پێشكەوتوو پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكات.
ترەمپ زیاتر نووسیویەتی، كۆبوونەوەی لەگەڵ زیلینسكی گرنگیی باشی هەبوو و گوتی بە پوتینیشم گوتووە، ئێستە كاتی وەستانی جەنگەكە هاتووە و پێویستە رێكبكەون. بۆ ئەوەیش داوای لە هەردوو وڵات كردووە كە ئیتر واز لە كوشتن بێنن و رێكبكەون.
ترەمپ دووپاتی كردووەتەوە كە با هەردوولایان سەركەوتن رابگەیەنن، ئەویتر دەمێنێتەوە مێژوو خۆی قسەی دەبێت، ئیتر بەسە كوشتن و كاتی ئاگربەست هاتووە.
لەلایەكی تریشەوە زیلینسكی رای گەیاند، پێشتر ئەمەریكا بڕیاری پێدانی مووشەكی "توماهۆك"ی بە ئۆكراینا دابوو، كەچی دەڵێ ئێستە ئەو مووشەكەیان ناداتێ كە مووشەكێكی درێژمەودایە و بەئاسانی دەتوانێ ئامانجەكانی لەناو خاكی رووسیا بپێكێت.
زیلینسكی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ترەمپ گوتی، پێم وایە رووسیا لە مووشەكی "تۆماهۆك" دەترسێت و دەزانێ چەكێكی كاریگەرە. بۆ تۆڕی "ئێن بی سی" گوتی، لەبارەی ئەو چەكەوە ترەمپ نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر قسەی نەكرد.
میدیاكانیش لەبارەی پێدانی مووشەكی "تۆماهۆك" بە ئۆكراینا، ترەمپ بۆ ئەم قۆناغەی ئێستە باسی نەكرد كە ئەو مووشەكە دەداتە ئۆكراینا، لە كاتێكدا بە هاویشتنی، زیاتر لە هەزار و 600 كیلۆمەتر دەگاتە ئامانجەكەی، مۆسكۆیش بە توندی بەرانبەر بە پێدانی ئەمەریكا بە ئۆكراینا ناڕەزایی دەربڕی.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.
بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.