كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بڵاوی كرده‌وه، نۆ وڵاتی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیاری نوێی یه‌كێتییه‌كه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێوه‌ست به پلانی ئه‌تۆمی راگه‌یاند.
هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئه‌لبانیا، بۆسنیا و هه‌رسك، ئایسله‌ند، مۆڵداڤی، مۆنتێنێگرۆ، مه‌كه‌دۆنیای باكور، نه‌رویج، سێربیا و ئۆكراینا به فه‌رمی رایان گه‌یاندووه كه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هاوده‌نگن و رێسا ناوخۆییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سزا نوێیانه رێكده‌خه‌ن.
جێی باسه سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێوه‌ست به پلانی ئه‌تۆمی له ساڵی 2015ه‌وه دوای رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هه‌ڵپه‌سێردرابوون، به‌ڵام له كۆتایی مانگی رابردووه‌وه سه‌پێنراونه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی بڕیاری نوێی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هاورده‌كردنی نه‌وتی خاو، گازی سروشتی، به‌رهه‌مه پێترۆكیمیاییه‌كان و هه‌ر جۆره به‌رهه‌مێكی نه‌وت له ئێرانه‌وه قه‌ده‌غه‌یه، له هه‌مان كاتدا رێگه به فرۆشتنی هیچ جۆره پێداویستییه‌كی كه‌رتی وزه، زێڕ، كانزا نایابه‌كان، ئه‌ڵماس، كه‌ره‌سته‌ی ده‌ریایی و كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی تری ئه‌لیكترۆنی و پیشه‌سازی به ئێران نادرێت.
سزاكان ته‌واوی ئه‌و بڕگه و خاڵانه‌ی كه پێوه‌ندییان به بڕیارنامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌باره‌ی چالاكییه ئه‌تۆمی و مووشه‌كییه‌كان هه‌یه ده‌گرێته‌وه، قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌س و دامه‌زراوه‌ی ئێرانی له‌وانه‌ش بانكی ناوه‌ندی له‌خۆ ده‌گرێت.