رۆژنامه‌ى ئه‌خبارى لبنانى له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، پێكهاته‌ى شیعه له به‌رده‌م دوو مه‌ترسی گه‌وره‌دایه و له‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌كه‌میان سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌تى نوێ له ده‌ست هێزه كلاسیكییه‌كانى شیعه ده‌ربهێنرێت، دووه‌میشیان پێكهاته‌ى شیعه تووشى په‌رته‌وازه‌یى بێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ى تشرینى یه‌كه‌م، رۆژنامه‌ى
ئه‌خبارى لبنانى راپۆرتێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه به ناوى "دانوستاندنى پێشوه‌خته له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت.. سوودانى- مالیكى: ململانێیه‌كى كپ". له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كرێت ململانێیه‌كى كپ له نێوان لایه‌نه‌كانى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و هاوپه‌یمانى ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان هه‌یه.
له تشرینى یه‌كه‌مى 2021 چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى وه‌ك به‌ره‌یه‌كى سیاسیى شیعه پێكهاتووه، چه‌ندان هێز له خۆ ده‌گرێت، له‌وانه ده‌وڵه‌تى یاسا، هاوپه‌یمانى فه‌تح، بزووتنه‌وه‌ى عه‌تا، بزووتنه‌وه‌ى حقووق، هاوپه‌یمانى قیواى ده‌وڵه‌ت. كه‌چى هاوپه‌یمانیى ئاوه‌دانكردنه‌وه، هاوپه‌یمانییه‌كى هه‌ڵبژاردنه چه‌ند مانگێكه پێكهاتووه، محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.
هاوپه‌یمانى ئاوه‌دانكردنه‌وه له حه‌وت لایه‌نى سیاسى پێكدێت كه هه‌ندێكیان له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگین و هه‌ندێكى تر له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌كه‌ن، له‌وانه ره‌وتى فوراته‌ین، هاوپه‌یمانى عه‌قد، هاوپه‌یمانى وه‌ته‌نى، هاوپه‌یمانى كه‌ربه‌لا، هاوپه‌یمانى سۆمه‌ر، گردبوونه‌وه‌ى ئه‌جیال، هاوپه‌یمانى حلوول. له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى ئه‌خباردا هاتووه، دواى نه‌مانى ره‌وتى سه‌در له گۆڕه‌پانى سیاسى، ناهاوسه‌نگییه‌ك له‌ناو پێكهاته‌ى شیعه دروست بووه، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق، ركابه‌رییه‌كى توند و بێده‌نگ له نێوان مالیكى و سوودانى دروست بووه كه هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رۆكایه‌تیى به‌ره‌یه‌كى گه‌وره ده‌كه‌ن.
هه‌ندێكیان پێیان وایه جووڵه‌ى سوودانى، هه‌نگاوێكى ستراتجییه بۆ شكاندنى كۆتوبه‌نده كلاسیكییه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى، دووباره كێشانه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى هێزه‌كان له ناو پێكهاته‌ى شیعه‌دا. ئه‌م ئاراسته‌یه‌یش وایكردووه نیگه‌رانییه‌كى زۆر له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دروست بێت، هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانیشى ده‌ترسن له‌وه‌ی پڕۆژه‌ى سوودانى هه‌وڵێك بێت بۆ سه‌ندنه‌وه‌ى رۆڵى سه‌ره‌كیى هێزه كۆنه‌كان. بۆیه ده‌بینرێت هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا هه‌ڵوێستێكى توندى له به‌رانبه‌ر بیرۆكه‌ى ویلایه‌تى دووه‌مى سوودانى هه‌یه و دووپاتى ده‌كاته‌وه، ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى حكوومه‌تى له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بێت، نه‌ك له رێگه‌ى هاوپه‌یمانییه نوێیه‌كه بێت. هه‌روه‌ها لێدوانه‌كانى سوودانى و مالیكى ره‌نگدانه‌وه‌ى ململانێیه‌كى كپه له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیى پێكهاته‌ى شیعه، وا خه‌ریكه ئاشكرا ده‌بێت له رێگه‌ى هه‌ڵوێسته‌كان و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌ى ئه‌خبار، بوونى مه‌ترسى له په‌رته‌وازه‌بوونى لایه‌نه شیعه‌كان و مه‌ترسى له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى سوودانى به‌سه‌ر هێزه كلاسیكه‌كانى شیعه، وایكردووه لایه‌نه شیعه‌كان پێشوه‌خته باس له بابه‌تى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن و میكانیزمى پێكهێنانى حكوومه‌ت بكه‌ن. له به‌رانبه‌ریشدا هه‌ندێك له لایه‌نه‌كان پێیان وایه هه‌وڵه‌كانى سوودانى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه نییه له هێزه شیعه‌كان، به‌ڵكو دووباره داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى حزبه‌كانه له‌ناو ماڵى شیعه‌دا.