سیپان حەمۆ: هەسەدە لە سووریای نوێدا وەك خۆی دەمێنێتەوە و لەسەر ئەمە بە زارەكی رێككەوتووین

:: AM:11:01:18/10/2025 ‌
ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەسەدە رای گەیاند، دواین كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، بە ئامادەبوونی ئەمەریكییەكان بووە و هیچ بڕیارێكی كۆنكرێتی تێدا نەدراوە و تەنیا بەڵێنی زارەكی هەیە.

سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەندامی لیژنەی سەربازیی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی دیمەشق، دووپات دەكاتەوە كە دەبێت لە پرۆسەی تێكەڵبوونی هێزەكانیان بە سوپای سووریا، ناسنامەی هەسەدە پارێزراو بێت و رێز لە خەباتی هەسەدە بگیرێت. 

سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لەبارەی دانوستانەكانیان لەگەڵ حكوومەتی كاتیی دیمەشق، قسەی بۆ ناوەندیی راگەیاندنی هەسەدە كردووە.

سیپان حەمۆ دووپاتی كردووەتەوە كە باوەڕیان وایە هەسەدە دەبێت بنەما بێت بۆ بنیاتنانی سوپای نوێی سووریا، سوپایەكی نیشتمانیی سووری بەبێ بەشداری هەسەدە دروست ناكرێت و گوتوویەتی، بۆیە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چوونە ناو سوپای نوێی سووریا و ئەوەش ئامانجی ستراتیجیی ئێمەیە.

ئەو بەرپرسەی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەندێك لایەن دەیانەوێت هێزەكانمان لەناو بەرن یان ناسنامە سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتییەكە لە هێزەكانمان بكەنەوە، ئەمەش ئەو شتەیە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین، چونكە هەوڵی لەو شێوەیە ناكرێت بە هەوڵی نیشتمانی وەسف بكرێن و ناشچنە خانەی ئامانجی رەواوە.

گوتووشیەتی، دووپات دەكەینەوە كە ئەو پرۆسەی تێكەڵكردنی ئێمە داوای دەكەین، دەبێت ناسنامەی هەسەدە بپارێزێت و رێز لە خەباتەكەی بگرێت.

ئاشكراشی كردووە، دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی دیمەشق بە بەشداریی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا، لە كەشێكی ئەرێنیدا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نەگەیشتووین بە هیچ ئەنجامێكی كۆنكرێتی، ئەنجامی كۆبوونەوەكە تەنیا بەڵێنی زارەكی و هیواداری لێ كەوتووەتەوە بەبێ هیچ رێككەوتنێكی روون و نووسراو.

پێشتر بەرپرسانی هەسەدە رایان گەیاند، باس لەوە كراوە هەسەدە وەك سێ فیرقەی سەربە وەزارەتی بەرگریی سووریا بمێنێتەوە، چەك و چۆڵی خۆی بەردەستەوە بێت و ئەركی پێ بسپێردرێت، بەڵام ئەركەكەی زیاتر لە سنووری پێشتری خۆیدا بێت.



وشە - سۆران عەزیز