تا ئێستە رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە فەرمی نەشكاوە، بەڵام ئەوان یەكتر بە پێشێلكاری تۆمەتبار دەكەن، ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر سەربازانی ئیسرائیل و فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلش بۆردمانی غەزەیان كرد و قوربانی لێ كەوتەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش هەڕەشە دەكات.
نووسینگەی
بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سەرۆك وەزیران فەرمانی داوە بە بەكارهێنانی هێز لە دژی ئامانجی تیرۆریستان لە كەرتی غەزە، ئەوەش بەهۆی پێشێلكردنی حەماس بۆ رێككەوتنی ئاگربەست، بۆیە نەتنیاهۆ راوێژی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندە تەناهییەكان لەوبارەوە كردووە و داوای كردووە بە توندی وەڵامی ئەوان لە غەزە بدرێتەوە.
لەوكاتەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس چەند هێرشێكیان كردووەتە سەر هێزەكانی ئیسرائیل لە دەرەوەی ناوچەی دابڕاو، ناوچەی زەرد، لەوانە هاوێشتنی مووشەك و بەكارهێنانی قەناسە، ئەوەش پێشێلكارییەكی زەقی ئاگربەستە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل رای گەیاند كە تا ئێستە سوپای ئیسرائیل 20 ئامانجی لە كەرتی غەزە لە رەفەح و دێر بەلەح بۆردمان كردووە و ئەگەری هەیە بۆردمانەكە فرەوانتر بێت.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس رەتی كردەوە كە پێوەندی بە هێرشەكانی سەر سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی رەفەح هەبووبێت، لە بەیاننامەیەك ئاماژەی كرد كە دووپات لە پابەندی تەواومان بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی غەزە دەكەینەوە، لە پێشەوەیان ئاگربەست لە تەواوی ناوچەكانی كەرتی غەزە، رای گەیاند كە هیچ زانیارییەكیان بە بوونی شەڕ و هێرش لە ناوچەی رەفەحەوە نییە و ئەو ناوچانە ناوچەی سوورن و كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل و لە ئاداری ساڵی رابردوو پێوەندیمان بە چەكدارانمان لەو ناوچانە پچڕاوە و نازانین ئەوان ماون یان كوژراون، بۆیە پێوەندیمان بە هیچ رووداوێكەوە نییە لەو ناوچانە.