ئیسرائیل فەرماندەیەكی مەیدانی حەماسی كوشت

:: PM:05:43:19/10/2025 ‌

پێ دەچێت شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەست پێ بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس تەواوی بارمتە زیندووەكان و تەرمی بەشێك لە بارمتە كوژراوەكانی رادەستی ئیسرائیل كردەوە، هاوكات رەتی كردەوە چەك دابنێت و دەستبەرداری غەزە ببێت، كە ئەوانە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەستی غەزەن، ئەمڕۆ ئیسرائیل رای گەیاند كە لە وەڵامی هێرشێكی چەكدارانی حەماس، بۆردمانی چەند ناوچەیەكی كەرتی غەزەی كردووە، هاوكات كوشتنی فەرماندەیەكی مەیدانیی حەماسی راگەیاند.

وەك میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، لە بۆردمانێكی ئاسمانی بۆ قاوەخانەیەك لە ناوچەی زوایدە لە ناوەڕاستی كەرتی غەزە، یەحیا مەبحووح فەرماندەی سریەی دەستەبژێری لە لیوای باكوری غەزە كوژراوە. 

ئەو كردنەئامانجەی ئیسرائیل بۆ ئەندامانی حەماس یەكەمینە لە دوای ئاگربەست و واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە غەزە لە شەرمولشێخی میسر بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و زیاتر لە 20 سەركردە و بەرپرسی باڵای دنیا كە لە 10ی ئەم نانگە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا ئێستە یەكەم قۆناغی بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراوە، كە دەبێت شەڕ بوەستێت و تەواوی بارمتە زیندوو و كوژراوەكانی ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە رادەست بكرێنەوە، كە تا ئێستە 20 بارمتەی زیندوو و 12 تەرمیش رادەست كراون و 16 تەرمیش ماون و ئیسرائیل داوایان دەكاتەوە و حەماسیش دەڵێت تەرمەكان لە ژێر پاشماوە رووخاوەكانن و شوێنیان تەواو نازانێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل