لە عێراق دەستوور و یاسا هەن، بەڵام وەك خۆیان جێبەجێ ناكرێن، واتە بەپێی بەرژەوەندیی تایفی و حزبەكانی دەسەڵات لە بەغدا، بەتایبەتی شیعەكان جێبەجێ دەكرێن یان ناكرێن، توێژەرێكی سیاسی ئاماژە دەكات كە بەشداریكردنی میلیشیاكان لە هەڵبژاردن و چوونە پەرلەمان پێشێلكردنی دەستوورە، بۆیە نزیكەی 74 گرووپی چەكدار هەن لە رووی یاساییەوە مافی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی نییە.
غازی فەیسەل سیاسەتوان و دیپلۆماتكاری پێشوو و توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، كاتێك مەرجەعیەتی باڵای نەجەف لە 2014 فەتوای جیهادی كەفائی دەركرد، مەبەستی خۆبەخشكردنی هاووڵاتییان و خۆرێكخستن بوو لە چوارچێوەی هێزە چەكدارە فەرمییەكانی عێراق، نەك بۆ دامەزراندنی گرووپی سەربەخۆ و دروستبوونی باڵی سەربازیی حزبەكان دوور لە دەوڵەت.
روونی كردەوە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكان لاسایی سوپای پاسدارانیان كردەوە لە رێكخستن و خۆپڕچەككردن، ئەوەش تێكهەڵكێشی و تێكەڵكردنێكی لە نێوان كاری سیاسیی ئاسایی و كاری سەربازیی رێگەپێنەدراو دروست كرد، ئێستە نزیكەی 74 گرووپی چەكداری لە عێراق هەن كە لە رووی یاساییەوە مافی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی نییە.
فەیسەڵ دووپاتی كردەوە كە هەوڵی ئەو گرووپانە بۆ چوونە ناو پەرلەمان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، پێشێلكردنی مادەی نۆی دەستووری عێراقە، كە قەدەغەی بەشداریكردنی هێزی چەكداری لە بەشداریكردن لە ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات كردووە، هاوكات رێگری لە پێكهێنانی گرووپی چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوەی فەرمیی سەربازی كردووە.