عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای شەش هەفتە جارێکی تر لە کۆبوونەوەیەکی گشتی دەرکەوت و بە ئەمەریکییەکانی گوت پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران هیچ پێوەندییەکی بە ئێوە نییە.
رێبەری کۆماری ئیسلامی جگە لەو قسەیەی گوتیشی ئەگەر پێویست بکات ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر سوود لە مووشەکەکانی وەردەگرێت و بەکاریان دەهێنێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی عەلی خامنەیی ئەو قسانە لە کۆبوونەوەی رێبەر لەگەڵ کۆمەڵێک پاڵەوانی وەرزشی و ئۆڵمپیادە زانستییەکان گوتراون.
خامنەیی لە بەشێکی تری قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە قسەی بێ بنەما دەکات و ئاماژەی بە وتاری هەفتەی رابردووی ترەمپ لە ئیسرائیل کرد و گوتی ''بەگوتنی هەندێک قسەی پڕوپوچ هەوڵی داوە هیوا بە زایۆنییە نائومێدەکان ببەخشێت و ورەیان بەرز بکاتەوە.''
رێبەری کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی قسەکانیدا وەڵامی ئەو قسەیەی ترەمپی دایەوە کە هەڕەشەی لە ئێران کردبوو ئەگەر هەنگاوی زیادەی ئەتۆمی بنێت ئەوا دیسان بۆردمانیان دەکات و گوتی ''هەر بەو خەیاڵەوە بژی، بەڵام ئێوە چکارەن کە لەم پێوەندییەدا دەبێ و نابێ دەڵێن ؟''
پێویستە بگوترێ دۆناڵد ترەمپ لە میانەی جەنگی 12 رۆژەدا گوتبووی عەلی خامنەیی لە مردنێکی زۆر سەرشۆڕانە رزگار کردووە.
خامنەیی لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە زۆر بە کەمی دەرکەوتووە و لە هەڵوێستە توندەکانی بەرانبەر بە ئەمەریکا و رۆژئاوا بەردەوام بووە.