شەمخانی لەسەر تۆمارە ڤیدیۆییەكە وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە

:: PM:07:26:20/10/2025 ‌

لە ماوەی دوایی تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئاهەنگێكی هاوسەرگیریی كچی عەلی شەمخانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بڵاو كرایەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان مشتومڕێكی زۆری دروست كرد، بەوەی بەرپرسانی ئێران بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان كراوەن و بۆ خەڵكیش شەرع و یاسای ئاینییەكان جێبەجێ دەكەن، شەمخانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستێك لەوبارەوە دەكات.

ئەمڕۆ شەمخانی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس بە زمانی عیبری وەك پەیامێك بۆ ئیسرائیل و ئاماژە بەوەی ئەوان لەپشت بڵاوكردنەوەی تۆمارە دزەپێكراوەكەن، نووسیویەتی، "سووك و ریسواكان.. من زیندووم"، ئەو قسەشی لە فیلمی "بابیوون"، لە 1973 وەرگرتووە، كە باسی چیڕۆكی هەڵاتنی گیراوێك دەكات بە ناحەق گیرابوو، توانی لە زیندان هەڵبێت و لە كۆتادا هەمان ئەو قسەی شەمخانی گوتووە.

هاوكات شەمخانی لە كاتی پرسیار لێكردنی لەبارەی تۆمارە ڤیدیۆكە لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی فەرماندەیەكی سەربازی، هەمان شتی گوتەوە، وەك ئاژانسی فارس باسی كردووە، كە لە دوای رزگاربوونی لە هەوڵێكی كوشتنی لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوو لە لایەن ئیسرائیل هەمان قسە دەڵێتەوە.

شایەنی باسە لە تۆمارە ڤیدیۆییە دزەپێكراوەكەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی كچێكی شەمخانی كە لە بەهاری ساڵی رابردوو ساز كراوە، دیمەنی ژنانی بەشدار لە ئاهەنگەكە بە جلوبەرگی كراوە و رووت بەدیار دەكەوێت، ئەوەش مشتومڕێكی زۆری دروست كرد و ئێرانییەكان ئەو پرسیارەیان ورووژاند كە ئاخۆ بۆچی ژن و كچانی ئێران ناچاری حیجابی بە زۆر دەكرێن و كوڕ و كچی بەرپرسەكان ئەوانەیان لەسەر جێبەجێ ناكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل