چەند ماڵپەڕێكی تایبەت بە چاودێریكردنی هاتوچۆی ئاسمانی، بوونی جموجۆڵێكی چڕی فڕۆكە بارهەڵگرە سەربازییەكانی ئەمەریكایان لە جۆری (C-17 Globemaster)، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو بەرەو ئیسرائیل بەدی كرد، ئەوان پردێكی ئاسمانیان لە 40 گەشتیی ئاسمانی لە نێوان بنكەی سەربازیی دوفەر لە ویلایەتی دیلاوێر و بنكەی سەربازیی نیفاتیم لە باشووری ئیسرائیل ئەنجام داوە.
ئەو بنكە ئاسمانییەی ئەمەریكا گەورەترین وێستگەی باری ئاسمانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكایە و كەشتیگەلێكی لە هەردوو جۆری فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازی (C-5 Galaxy) و (C-17 Globemaster) لەخۆ دەگرێت، كە تایبەتن بە گواستنەوەی كەرەستە و ئامرازی قورسی شەڕ.
بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەكان، ئەو جموجۆڵەی فڕۆكە بارهەڵگرە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل ئاسایی نییە و ئاماژەیەكی روونە بۆ خۆسازدان بۆ پەرەسەندنێكی تری سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگە پێوەندیی بە خۆسازدان بۆ گەڕێكی نوێی ئیسرائیل و ئەمەریكا لەگەڵ ئێران و باڵەكانی لە یەمەن و عێراق و لبنانەوە هەبێت، جیا لەوە رەنگە ئیسرائیل بەشێك لەو چەكانە لە غەزە بەكار بێنێت، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس داماڵینی چەكەكانی رەت بكاتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری، فڕۆكە بارهەڵگرە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە 17ی ئەم مانگە دەستیان بە گەشتەكانیان كردووە و تا ئێستەش بەردەوامن، لەو ماوەیە 500 تۆن تفاقی سەربازی و گولە و 400 تۆن كەرەستەی تریان گواستووەتەوە، لەوانە بۆمب و گولەی تۆپ و مووشەك و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چەكی سووك.