وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرتنی پێنج كەسی لەسەر كوشتنی مەشهەدانی راگەیاند

:: PM:10:55:21/10/2025 ‌

دوای ئەوەی لە 15ی ئەم مانگە سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كاندید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كوژرا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرتنی پێنج كەسی بە تۆمەتی كوشتنی راگەیاند و بەپێی سەرچاوەكان ژمارەیەكی تریش گیراون.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هێزێكی سەر بە وەزارەتەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی حەشدی شەعبی توانیان لە هەڵمەتێكدا پێنج تۆمەتبار بەهۆی تێوەگلانیان لە رووداوی كوشتنی سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بگرن، كە لە تارمییە لە باكوری بەغدا كوژرا.

روونی كردەوە، گرتنی ئەوانە لە دوای دەرچوونی فەرمانی گرتن لە لایەنی پێوەندیدار بووە و لەسەر بنەماتی هەوڵی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی بەردەوام، توانرا شوێنی تاوانباران دیاری بكرێت و بگیرێن، تا ئێستەش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە و لە كاتی تەواوبوونی دێتە راگەیاندن.

بەپێی سەرچاوەكان ژمارەی ئەوانەی لەو دۆسیە گیراون لە پێنج كەس زیاترن، بەپێی سەرچاوەكان ئەوان نۆ كەسن، بەڵام تا ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوان تەواو نەبووە، مەشهەدانی لە بەرەبەیانی 15ی ئەم مانگە بەهۆی لكاندنی بۆمبێكی بەستراو بە مۆبایل بە كوشینی ئۆتۆمبێلەكەیەوە لە كاتی گەڕانەوەی لە بەغداوە بۆ تارمییە، پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەست دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل