وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، هێزێكی تایبەتی خۆیان بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتی ناوخۆی سووریا، توانیویانە دەست بەسەر 320 كیلۆگرام مادەی هۆشبەر بگرن، لەگەڵیدا ژمارەیەك تۆمەتبار بگرن و ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەردەوامە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی هۆشبەر و كارتێكەرە ئەقڵییەكان، لە چالاكییەكدا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئیدارەی نەهێشتنی هۆشبەر لە سووریا، توانیویانە دەست بەسەر 320 كیلۆگرام مادەی هۆشبەر بگرن.
بەیاننامەكە باس لەوە دەكات، مەفرەزەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە عێراق، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوخۆی سووریا، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان چوونەتە ناو خاكی سووریا، دەست بەسەر ئەو بڕە زۆرەی مادەی هۆشبەر بگرن، هاوكات ژمارەیەك تۆمەتبار كە لەلایەن دەسەڵاتی عێراق داواكراون، گیراون و ئێستە لێكۆڵینەوەی رژدیان لەگەڵ دەكرێت، چونكە ئەو تۆمەتبارانە ویستوویانە ئەو بڕە هۆشبەرە بۆ دەرەوەی سنوور بگوازنەوە.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو چالاكییە یەك لەو چالاكییانەیە كە لە زنجیرە چالاكییەكی تر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ عێراق ئەنجام دراون، پێشتر چالاكییەكی تری هاوشێوە بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتی كوێت ئەنجام دراوە.