شەڕ لە نێوان هەسەدە و چەکدارانی شەرع لە ‌حەلەب دروست بووەوە

:: PM:12:25:22/10/2025 ‌

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ‌حەلەب رووبەڕووی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا بوونەوە. 

رووبەڕووبوونەوەکە ماوەیەکی کورتی خایاندووە، لە دێرحەفتەر بووە و بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە ‌حەوتی ئەم مانگە، گرژی و پێکدادان لە نێوان هەردوو لا هەڵگیرساوەتەوە. هەسەدە و سووریا هەردووکیان لە ئامادەباشیی تەواودان. 

سەرەتای ئەم مانگە درۆن و تۆپخانەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا دێرحەفتەریان بۆردومان کرد، چەندان قوربانی لە هەردوو لا کەوتنەوە. 

ئەم دووشەممەیە هەسەدە سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەرپسانی ئەوێ کۆ بوونەوە. تەوەرەکان بریتین لە یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپا و بڕیاردان لەسەر جۆری حوکمڕانیی سووریای دوای بەشەر ئەسەد. دیمەشق دەڵێت دەبێت هەسەدە لە ناو سوپای سووریا بتوێتەوە و هەروەها کوردیش بە حوکمی ناوەندی رازی بێت. هەسەدە بە هەموو جۆرێک ئەم داواکارییانە رەت دەکاتەوە.



وشە - محەمەد كامەران