فشاری گشتی لەسەر شازادە ئاندریۆی بەریتانیا زیاتر دەبێت، دوای ئەوەی شكستی هێنا لە دامركاندنەوەی ئەو ئابڕووچوونە گەورەیەی كە بەهۆی پێوەندییەكەی لەگەڵ جێفری ئێپستین، ملیاردێری ناوبانگ خراپ و تۆمەتبار بە تاوانی سێكسی، بۆی دروست بووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یاداشتنامەی ڤێرجینیا جیۆفری، یەكێك لە قوربانییە بەناوبانگەكانی دەستی ئێپستین، كە دوای مردنی بە ناونیشانی "كچی هیچ كەسێك" بڵاو كرایەوە، میدیاكان پڕ بوون لە مانشێتی سەیروسەمەرە.
هەرچەندە خێزانی شاهانە هیوایان دەخواست بڕیارەكەی ئاندریۆ بۆ وازهێنان لە بەكارهێنانی نازناوەكانی كۆتایی بەم چیرۆكە بهێنێت، بەڵام وا دەرنەچوو. ئاندریۆ، برای شا چارڵزی سێیەم، كە ڕۆژانێك "پاڵەوانی جەنگ" بوو، ئێستا لە گۆشەگیرییەكی شاهانەدا دەژی، تەنانەت بەپێی سەرچاوەیەكی شاهانە بۆ "سی ئێن ئێن"، بانگهێشتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵیش لەگەڵ خێزانەكەی نەكراوە.
پێوەندی ئاندریۆ و ئێپستین چەندە نزیك بوو؟
شازادە ئاندریۆ یەكێك بوو لەو كەسایەتییە دیارانەی كە پێوەندی بە ئێپستینەوە هەبوو. ئاندریۆ خۆی دەڵێت لە ساڵی 1999 لەرێگەی گیسلەین ماكسوێڵ، خۆشەویستەكەی ئەوکاتی ئێپستین، یەكتریان ناسیوە و زۆر بە كەمی یەكتریان بینیوە. بەڵام ددانی بەوەدا ناوە كە چەندین جار لە ماڵ و موڵكەكانی ئێپستین ماوەتەوە.
لە ساڵی 2000، ئاندریۆ بەشداریی لە ئاهەنگێكی كۆكردنەوەی كۆمەكدا كردووە لە یانەی "مار-ئە-لاگۆ"ی سەر بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا. دواتریش ئێپستین و ماكسوێڵ لە ئاهەنگێكی گەورەدا لە كۆشكی ویندسۆر لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شاهانە تێكەڵ بوون، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2008 ئێپستین وەك تاوانبارێكی سێكسی تۆمار كرا، ئاندریۆ پێوەندی لەگەڵ نەپچڕاند.
تۆمەتەكان چین؟ "ئاهەنگی سێكسی بەكۆمەڵ"
ڤێرجینیا جیۆفری، كە مانگی نیسانی ڕابردوو لە تەمەنی 41 ساڵیدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە یاداشتنامەكەیدا باسی سێ حاڵەت دەكات كە دەڵێت ناچار كراوە سێكس لەگەڵ شازادە ئاندریۆ بكات: لە لەندەن، نیویۆرك و لە دوورگە تایبەتەكەی ئێپستین.
جیۆفری دووپاتی كردووەتەوە كە ئاندریۆ بە تەواوی ئاگادار بووە كە ئەو لەو كاتەدا لە ئەمەریكا بە منداڵی خوار تەمەنی یاسایی هەژمار كراوە. هەروەها ئاشكرای كردووە كە ئێپستین 15 هەزار دۆلاری پێداوە لە بەرانبەر خزمەتكردنی ئەو پیاوەی میدیاكان ناویان نابوو ڕاندی ئاندی.
تۆمەتە هەرە سەیرەكە ئەوەیە كە جیۆفری دەڵێت دیداری سێیەمیان ئاهەنگێكی سێكسی بەكۆمەڵ بووە لە دوورگەكەی ئێپستین، كە تێیدا "نزیكەی هەشت كچی تر" هەبوون و دیار بووە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
شازادە ئاندریۆ هەمیشە هەموو تۆمەتەكانی ڕەتكردووەتەوە و دووپاتی كردووەتەوە كە هەرگیز جیۆفری نەبینیوە. لە ساڵی 2022، دوای ئەوەی جیۆفری سكاڵای یاسایی لە دژی تۆمار كرد، ئاندریۆ لە دەرەوەی دادگا ڕێككەوتنی لەگەڵ كرد، بەبێ ئەوەی دان بە تاوانەكەیدا بنێت.
بۆچی بە تەواوی لە نازناوەكانی دانەماڵراوە؟
ڕەفتارەكانی ئاندریۆ شا چارڵزی خستووەتە دۆخێكی سەختەوە. ئاندریۆ لە ساڵی 2019 لە ئەركە شاهانەییەكانی دوورخرایەوە و لە 2022 نازناوە سەربازییەكانی لێسەندرایەوە. ئەم دواییەش ڕایگەیاند كە چیتر نازناوی "دووقی یۆرك" بەكارناهێنێت.
بەڵام كێشەكە ئەوەیە، ئەو وازهێنانی لە بەكارهێنانی نازناوەكەیە، نەك لێسەندنەوەی. لێسەندنەوەی نازناوی "دووق" پێویستی بە یاسایەكی پەرلەمان هەیە، كە پرۆسەیەكی درێژخایەنە. هەروەها لادانی لە ڕیزبەندیی وەرگرتنی تەختی پاشایەتی كارێكی زۆر ئاڵۆزترە و پێویستی بە ڕەزامەندیی وڵاتانی كۆمۆنوێلس هەیە.
فشاری سیاسی لەسەر حكوومەت
كەیسەكە تەنیا لەناو خێزانی شاهانەدا نەماوەتەوە. پارتی نیشتمانیی سكۆتلەندا پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم پەرلەمان بۆ لێسەندنەوەی نازناوەكەی ئاندریۆ. ڕاپرسییەكی نوێش دەریخستووە كە چوار لە پێنج بەریتانی پشتیوانی لەم هەنگاوە دەكەن.
بەڵام نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە كە ئەمە بابەتێكە پەیوەستە بە خێزانی شاهانەوە و كاتی پەرلەمان بەم بابەتەوە ناگیرێت.
جێی باسە، جێفری ئێپستین ملیاردێرێكی ئەمەریكایی بوو كە تۆڕێكی گەورەی بۆ بازرگانیكردن بە منداڵانەوە هەبوو. لە ساڵی 2019 گیرا و دواتر لە زینداندا بە مردوویی دۆزرایەوە. هەرچەندە بە فەرمی ڕاگەیەنرا كە خۆی كوشتووە، بەڵام مردنە گوماناوییەكەی مشتومڕێكی زۆری دروست كرد بەهۆی پەیوەندییە بەرفراوانەكانی لەگەڵ كەسایەتییە دەسەڵاتدارەكانی جیهاندا.
سەرچاوە: سی ئێن ئێن