ئه‌مڕۆ شه‌شه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕى خۆپێشاندانى تشرین له به‌غدا به‌ڕێوه چوو و سه‌تان كه‌س له گۆڕه‌پانى ته‌حریرى به‌غدا، كۆبوونه‌وه و دژایه‌تیى خۆیان بۆ گه‌نده‌ڵى دووپات كرده‌وه. وێڕاى تێپه‌ڕبوونى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رووداوه‌كه، كه‌چى تا ئێسته ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه له كوشتنى خۆپێشانده‌رانى تشرین ئاشكرا نه‌بووه كه ژماره‌یان 400 كه‌س بوو.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 25ى تشرینى یه‌كه‌م، له گۆڕه‌پانى ته‌حریرى شارى به‌غدا خۆپێشاندانێك به‌ڕێوه‌چوو، خۆپێشانده‌ران دژایه‌تیى خۆیان بۆ گه‌نده‌ڵى دووپات كرده‌وه. هاوكات هێزه ته‌ناهییه‌كانیش گۆڕه‌پانه‌كه‌یان ته‌خت كردبوو.
له 25ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 له به‌غدا و ته‌واوى شاره‌كانى عێراق، خۆپێشاندان به‌ڕێوه‌چوو. هێزه عێراقییه‌كان به توندوتیژى رووبه‌ڕووى خۆپێشانده‌ران بوونه‌وه. خۆپێشاندانه‌كان هاوكات بوون له‌گه‌ڵ ساڵێكى ته‌مه‌نى حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى كه له 24ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 دامه‌زرابوو.
خۆپێشاندان به‌رده‌وام بوو تا عه‌بدولمه‌هدى ناچار بوو له 30ى تشرینى دووه‌مى 2019 ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه. به‌ڵام له ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ى 400 كه‌س له خۆپێشانده‌ران كوژران و نزیكه‌ى سێ هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون و هه‌ندێكیان تا ئێسته كه‌مئه‌ندامن. وێڕاى تێپه‌ڕبوونى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه، تا ئێسته حكوومه‌تى عێراق ئه‌نجامى هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى رانه‌گه‌یاندووه، ئه‌وكات راپۆرته‌كان باسیان له‌وه ده‌كرد میلیشیاكانى سه‌ربه ئێران ده‌ستیان له كوشتنى و برینداركردنى خۆپێشانده‌ران هه‌یه.