راپۆرتێكی ئەمەریكی: هەڵبژاردنی عێراق دەسەڵاتی ئێران و هاوپەیمانەكانی لاواز دەكات

:: PM:05:26:25/10/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن، هێزە عێراقییەكان، بەتایبەتی شیعەی نزیك لە ئێران چاوێكیان لەسەر خەڵكەكەیە، ترسیان هەیە لێیان هەڵگەڕێتەوە و چاوەكەی تریان لەسەر ئەمەریكایە كار بۆ دوورخستنەوە و لاوازكردنیان بكات، لەو ناوەدا راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەگەری لاوازبوونی دەسەڵات و هەژموونی ئێران و لایەنگرانی لە عێراق دەكەن.

دامەزراوەی "بەرگری لە دیموكراسیەت"ی ئەمەریكی وریایی لەوە دەدات كە عێراق لەبەردەم دووڕیانێكی سەختە و تا ئێستە ئەو وڵاتە بەدەست نەبوونی یاسا و چەكی بەڕەڵاوە دەناڵێنێت، ئەوەی لە ماوەی رابردوو بە كوشتنی كاندیدێكی سوننە و تەقەكردن لە یەكێكی تر بەرجەستەی ترسی شیعە لە فرەوانبوونی دەسەڵاتی سوننە دەكات، بۆیە ئەوان دەستیان بە تۆقاندنی هێزە سوننەكان كردووە.   

بەپێی راپۆرتەكە بەهۆی ئەو كارانەوە دەركەوت كە تا ئێستە عێراق بە دەست نەبوونی یاساوە دەناڵێنێت، تا ئێستە چەك باڵادەستە نەك سندووقەكانی دەنگدان، شێوازی كوشتنی سەفا مەشهەدانی، كاندیدی سوننە، تەكتیكێكی میلیشیاكانە و لە 2010ەوە ئێران ئەو چەك و شێوازەی بەوان داوە، راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە شێوازی مامەڵەكردنی حكوومەت و هێزە تەناهییەكان لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو كارانە مایەی گەشبینی نییە و ساڵانێكە بەغدا هاوكات رۆڵی پۆلیسی باش و خراپ دەبینێت، ئەوەش توانای میلیشیاكانی بۆ تۆقاندن لە عێراق و ناوچەكە زیاتر كردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە زەحمەتە حكوومەتی عێراق بتوانێت جڵەوی میلیشیاكان بگرێتە دەست، چونكە بەشێكن لە حەشدی شەعبی و سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا، هێشتا ئەوان دەسەڵاتیان ماوە، بۆیە ئەوە بەغدای خستووەتە بەردەم دووڕیانێكی سەخت و ئەگەری هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گورزێك لە گرووپە تایفییەكانی سەر بە ئێران بوەشێنێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل