بەسرە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە بە نەوت و هەرناردەكردنی زۆرینەی نەوتی عێراق لە رێگەی ئەو پارێزگایەیە، كاتێك نزیكەی 90%ی بودجەی عێراق پشت بە داهاتی نەوتی بەسرە دەبەستێت، خەڵكەكەشی وەك ئامارەكان باسی دەكەن بەهۆی دووكەڵی سووتانی غاز و نەوتەوە تووشی نەخۆشی مەترسیدار بوونەتەوە، جیا لەوە ئەو پارێزگایە بە دەست نەبوونی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریی پێویست دەناڵێنن.
وەك هەموو هەڵبژاردنێك، بەرپرسانی عێراق روو لە بەسرە دەكەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەوان و دەیان بەڵێنی گەورەیان پێ دەدەن، بێ ئەوەی بتوانن بۆیان جیبَبەجێ بكەن،
نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە بەسرە دەڵێت، بەسرە كە سێ لەسەر چواری نەوت و غازی عێراق بەرهەم دێنێت و زیاتر لە 100 تریلیۆن دیناری ساڵانە دەبەخشێتە بودجەی عێراق، ئەمساڵ یەك دیناری پترۆدۆلار یان پەرەپێدانی هەرێمەكانی وەرنەگرتووە.
روونی كردەوە، تەنانەت داهاتی دەروازە سنوورییەكانی لە مانگی ئابی رابردووەوە پێ نەدراوە، لەوكاتەی نەوت بەرهەم دێنێت و ژەهری دووكەڵەكەی هەڵدەمژێت و ئاوی سوێر دەخواتەوە و پایەتەختی ئابووریی عێراقە، ئەو لێدوانەی مەرسوومی بەرجەستەی ئەو بۆچوونە دەكات كە سامانی پارێزگاكە بووەتە نەفرەت لە بری نیعمەت و خۆشگوزەرانی.
بەپێی یاسای پترۆدۆلار هەر پارێزگایەكی بەرهەمهێنەری نەوت و غاز لە عێراق 5%ی داهاتی نەوت و غازەكەی پێ دەدرێت، لە پاڵ ئەوەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكانی بۆیان تەرخان دەكرێت، كەچی ئەو یاسایە لە 2010ەوە جێبەجێ نەكراوە، بەسرە رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، داهاتی نەوتەكە 80%ی بودجەی عێراقە.