چوار گرووپی چەكداری فەلەستینی رووبەڕووی حەماس دەبنەوە

:: PM:06:16:25/10/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەبیب گەورەترین هەڵمەتی سەربازی لە دژی حەماس لە كەرتی غەزە و لبنان و سووریا دەست پێ كرد، توانی زۆرینەی فەرماندەی سیاسی و سەربازییەكانی بزووتنەوەكە و هەزاران لە شەڕوانانی لەناو ببات، جیا لەوە توانی چەند گرووپێكی نەیاری حەماس چەكدار بكات و لە چەند ناوچەیەكی غەزە رووبەڕوویان بكاتەوە.

وەك لە راپۆرتێكدا هاتووە، ئێستە ئیسرائیل شەڕی لە دژی حەماس وەستاندووە، بەڵام پاڵپشتیی لە چەند گرووپێكی چەكداری فەلەستینی لە غەزە دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەكە، ئەوان پڕۆژەیەكیان بە دەستەوەیە بۆ دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵات، لە ناوچەكانی هێڵی زەرد كار دەكەن، واتە ئەو ناوچانەی بە دەست سوپای ئیسرائیلن لە غەزە.

حوسام ئەستڵ سەركردەی یەكێك لە چوار گرووپەكەیە لە باشووری غەزە دەڵێت، لەگەڵ یاسر ئەبو شەباب و رامی حلس و ئەشرەف مەنسی پڕۆژەیەكی فەرمیمان هەیە و هەموومان لەگەڵ غەزەیەكی نوێداین و بەمنزیكانە كۆنترۆڵی تەواوەتی كەرتی غەزە دەكەین و لە ژێر یەك چەتر كۆ دەبینەوە.

لەوكاتەی حەماس ئەو گرووپانە بە هاوئاهەنگی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات، ئەستەڵ ئاماژە دەكات كە هیچ پێوەندییەكمان بە ئیسرائیلەوە نییە و ئەوان گرووپەكانی حەماس بۆردمان دەكەن، بەر لە دوو مانگ لە دامەزراندنی گرووپەكەی، كچەكەی ئەستڵ لە هێرشێكی ئیسرائیل كوژرا، كە بەرپرسێكی حەماسی لە ناوچەكە كردبووە ئامانج، ئەستڵ دەڵێت چۆن ئەوە روودەدات ئەگەر من بەكرێگیراو بم.

ئەو بەرپرسەی گرووپەكەی دژ بە حەماس دووپاتی كردەوە كە ئەگەر تاوانەكانی دژ بە منداڵ و ژنان بژمێرین، گلەییەكەی لە ئیسرائیل نییە، بەڵكو حەماسە كە خۆی لە ناو خەڵكەكە حەشار داوە، ئێستە وڵاتانی پاڵپشتیی لە پڕۆژەی گرووپە چەكدارەكان دەكەن بە ناوی "غەزەی نوێ"، بۆیە لە ماوەیەكی زۆر نزیك بە چاوی خۆتان دەیبینن و ئێمە دەبینە ئیدارەی نوێی غەزە، پڕۆژەكەمان غەزەیەكی نوێیە نەك شەڕ، بەڵكو ئاشتی لەگەڵ هەمووان و بێ حەماس و بێ تیرۆر.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل