خەریكە گوشارەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا و ئۆكراینا بۆ سەر رووسیا زیاتر دەبن بۆ ناچاركردنی مۆسكۆ بۆ سازشكردن و وەستانی شەڕ لە ئۆكراینا، لەوكاتەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە هەڕەشەكانی بەردەوامە، ئەمەریكا و رۆژئاوا سزاكانی سەر مۆسكۆیان توندتر كرد و چیتر غازی لێ ناكڕن، ئەمەریكا خەریكە رێگە بۆ ئۆكراینا دەدات بۆ كردنەئامانجی قووڵایی خاكی رووسیا و ئامانجە ستراتیجییەكانی، ئەمڕۆش بەنداوێكی رووسی بۆردمان كرد.
ڤیاچیسلاڤ جلادكۆڤ فەرمانڕەوای ناوچەی بیلگۆردی رووسی رای گەیاند كە ئۆكراینا بەنداوێكی بۆردمان كردووە و زیانی پێ گەیاندووە، بەردەوامبوونی هێرشەكان بۆ سەر بەنداوەكە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، داوای لە دانیشتووانی بەشێك لە ناوچەكانی دەوروبەری بەنداوەكە كرد بە شێوەیەكی كاتی ناوچەكە چۆڵ بكەن.
لەوكاتەی دوێنێ وەزارەتی بەرگریی رووسیا رای گەیاند كە توانیویانە 111 درۆنی ئۆكراینی تێك بشكێنن، ئەمڕۆ شەموو ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا ئاماژەی كرد كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە رووسیا زیاتر لە 770 مووشەكی بالیستی و نزیكەی 50 مووشەكی كینگالی بۆ خاكی وڵاتەكەی هەڵداوە، شەوی رابردووش بە دەیان درۆن و نۆ مووشەكی بالیستی هێرشی كردە سەر ئۆكراینا.
زیلینسكی پێی وابوو كە گرنگە هاوبەشەكانمان كە سیستمی پاتریۆت یان هاوشێوەكەی هەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی بەم دواییە باسمان كردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەردانەكەی بۆ واشنتن لە هەینی هەفتەی رابردوو، چونكە ناكرێ وڵاتەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەموو خراپەكارییە بە تەنیا جێبهێڵدرێت، دەبێت هاوكارمان بن.