فڕەنسا یەكەم دادگاییكردنی لەسەر كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان جێبەجێ دەكات

:: PM:09:33:25/10/2025 ‌

بڕیارە فڕەنسا لە مانگی ئاداری داهاتوو لە دادگاییكردنێكی مێژوویی، یەكەم دادگاییكردنی ئەندامێكی داعش لەسەر خاكەكەی پێوەست بە كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە عێراق و سووریا ساز بكات، كە 2014 لەسەر دەستی داعش دووچاری هاتنەوە.

ئەو دادگاییكردنە یەكەمینە لە فڕەنسا پێوەست بە كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی بكرێت، كاتێك ئەندامێكی داعش بە ناوی سەبری ئیسید تۆمەتی تاوانی كۆمەڵكوژی و دژ بە مرۆڤایەتی دەخرێتە پاڵ، دوای ئاشكراكردنی لێكۆڵینەوەكان بەوەی لە كڕین و بە كەنیزەككردنی ژن و منداڵانی ئێزدی لە سووریا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2016 تێوە گلاوە. 

لوران بۆنفوا توێژەری سیاسیی فڕەنسی دووپاتی كردەوە كە دادگاییكردنەكە لە مانگی ئاداری داهاتوو بۆ تۆمەتبار سەبری ئیسید دێتە سازكردن، كە رووداوێكی دادگایی و سیاسی زۆر هێمادارە، فڕەنسا دەگەڕێنێتەوە پێگەی خۆی وەك دەوڵەتێكی پێشەنگ لە بواری نەهێشتنی رزگاربوون لە سزاكان بەهۆی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی.   

بۆنفوا گوتی، ئەو دادكاییكردنە رەهەندە دادوەرییەكەی تێپەڕ دەكات و دەبێتە پەیامێكی بەهێزی سیاسی و مرۆیی لە فڕەنسا، دووپات لە پابەندییەكانی بە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەكاتەوە، تەنانەت ئەوكاتەی قوربانیان و تاوانبارن فڕەنسایی نین، ئێستە دۆسیەی ئێزدییەكان بووەتە هێمایەكی دنیایی لەسەر شكستهێنانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دەستوردانی بەپەلە بۆ پاراستنی پێكهاتەكان، ئێستەش هەلێكە بۆ فڕەنسا بۆ بەدەستهێنانەوەی پێشەنگیی ئەخلاقیانە لە بەرگریكردن لە دادوەریی نێودەوڵەتی. 

بەرپرسانی دادوەریی فڕەنسا رایان گەیاند كە تۆمەتبار سەبری ئیسید لەدایكبووی شاری تۆلۆزی فڕەنسی لە 1984 و بەو پێیەی لە 2018 كوژراوە و دووپاتی كوژرانی نەكراوەتەوە، لە 16 بۆ 20ی ئاداری 2026 لە دادگای تاوانەكانی پاریس بە بێئامادەبوون و بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بەرانبەر بە ژن و منداڵانی ئێزدی دادگایی دەكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل