له نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هێزه ته‌ناهییه‌كانی سووریا له پارێزگای دێره‌زور، شه‌ڕ رووی داوه و هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕ به هاوه‌ن و چه‌كی سووك بۆ ماوه‌یه‌ك ته‌قه‌یان له یه‌كتر كردووه.
شه‌ڕه‌كه له دوو شارۆچكه‌ی مه‌حكان و كشمه بووه كه كه‌وتوونه‌ته رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دێره‌زور، به گوته‌ی میدیاكان، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی هه‌سه‌ده له گوندی ئه‌بوحه‌مقام و له شه‌ڕه‌كه‌دا هیچ زیانێك به هێزه‌كانیان نه‌گه‌یشتووه.
له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه روون نه‌كراوه‌ته‌وه له به‌رانبه‌ردا توانیویانه هیچ چه‌كدارێك بكوژن یان نا، به‌ڵام به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه دراوه‌ته‌وه.
هاوكات له پارێزگای لازقیه‌ش هێزه‌كانی ئاسایشی سووریا بڵاویان كرده‌وه، له ئۆپراسیۆنێكدا توانیویانه گرووپێكی تیرۆریستی و تاوانبار له‌ناو به‌رن. ئه‌و هێزانه دوایان له گرووپه‌كان كردووه خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی حكوومه‌ت بكه‌ن.
له لازقیه و چه‌ند پارێزگایه‌كی تر، هێشتا هه‌ندێك گرووپی چه‌كدار هه‌ن كه خۆیان به لایه‌نگری رژێمی پێشوو هه‌ژمار ده‌كه‌ن و به قسه‌ی خۆیان به‌رگریی له عه‌له‌وییه‌كان ده‌كه‌ن. دۆخی سووریا سه‌قامگیر نییه و ئه‌و جۆره شه‌ڕ و پێكدادانانه ناوه‌ناوه دووباره ده‌بنه‌وه.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه بكرێت هه‌سه‌ده و حكوومه‌تی راگوزه‌ری سووریا، رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان له‌باره‌ی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كان له ناو سوپای سووریادا كردووه، به‌ڵام هه‌سه‌ده داوای كردووه ئه‌و هێزانه به مه‌رجێك ده‌چنه ناو سوپا كه تایبه‌تمه‌ندییان بپارێزرێت، ئه‌مه‌ش به له‌مپه‌ری سه‌ره‌كیی به‌رده‌م رێككه‌وتنه‌كه داده‌نرێت.
جگه له‌مه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، خوازیارن حكوومه‌تی سووریا حكوومه‌تێك بێت كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌كاندا دابه‌ش كرابێ، نه‌ك ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كان له ناوه‌نددا كۆ كرابنه‌وه، شتێك كه حكوومه‌تی سووریا پێی رازی نه‌بووه.