هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەرقاڵیی تەواوی پێكهاتە و هێز و قەوارەكان بە كێبەركێ و بانگەشەی هەڵبژاردن، گوشار و هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان بۆ داماڵینی چەكی ئەوان و رێگریكردن لە چوونیان بۆ پەرلەمان بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەكان میلیشیاكان دەستیان بە كەمكردنەوەی ژمارەی چەكدارانیان لە بارەگان كردووە.
بەپێی زانیارییەكان هەندێك لە میلیشیاكان لەوانەی خۆیان بە بەرەی موقاوەمەت دەناسێنن، دەستیان بە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێكی خۆپارێزی كردووە، لەوانە كەمكردنەوەی ژمارەی شەڕوانانیان لە بارەگەكان و ئامادەبوونی ئەوانیان بۆ 20 و 30% كەم كردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە ئەو كەمكردنەوە تەنیا چەكدارەكانی گرتووەتەوە و كەرەستە سەربازییەكانیان وەك خۆیەتی، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی زیانی گیانی لە كاتی هەر هێرشێك بۆ سەر بارەگەكانیان، ئەوە لەوكاتەی لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بە هەمان شێوە هەندێك لە بارەگەكانی خۆیان چۆڵ كرد لە ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و ناچاربوونیان بۆ چوونە ناو شەڕەكە لەپاڵ ئێران.
هەفتەی رابردوو چەند پەرەسەندنێك لە عێراق رووی دا، ئەمەریكا نوێنەرێكی تایبەتی بۆ عێراق دیاری كرد، دوای ئەوە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی داوای پەلەكردنی لە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق كرد، هاوكات باسی سەردانێكی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ عێراق كرا و قاسم ئەعەرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش سەردانی ئێرانی كرد.