ئێستە هەوڵێكی چڕی ئەمەریكا بە ئاراستەی لبنان هەیە بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و دەست پێكردنی گفتوگۆی لبنان و ئیسرائیل، لەو كاتەی نێردراوی ئەمەریكا لە بەیرووتە و بڕیارە سبەی بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنەی چاودێریكرای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لەو وڵاتە بكات، سەرۆكی لبنان ئاماژە دەكات كە هەر هەوڵێك بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا بە زەبری هێز ئەگەری هەیە بەرەو شەڕی ناوخۆیان ببات.
وەك رۆژنامەی
"ئەخبار"ی لبنانی باسی كرد، لە وەڵامی وریاكردنەوەی ئەمەریكا و رۆژئاوا بۆ بەرپرسانی لبنان لەبارەی چەكی حزبوڵا، جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان باسی ئەوەی كردووە كە سوپای لبنان ئەو توانایەی نییە چەكی حزبوڵا بە زەبری هێز داماڵێت و هەر هەوڵێكی واتە هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆیی.
ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ تۆم باراك نێردراوی ئەمەریكا بۆ لبنان گوتی، بۆ دواجار سەردانی لبنان دەكەم و بە هەرسێ سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە رادەگەیەنم كە دوایین هەلیان لەپێشە، بڕیار لەبارەی دەست پێكردنی گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا دەدەن بۆ دانانی خشتەیەك بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا، یان لبنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چارەنووسی خۆی بە تەنیا جێ دەهێڵرێت، نە ئەمەریكا و نە وڵاتانی تر گرنگی پێ دەدەن، كەسیش ناتوانێت گوشار لە ئیسرائیل بكات بۆ رێگرتن لێی بۆ ئەنجامدانی ئەوەی پێویستە بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا بە زەبری هێز.