ئاژانسی نۆرس پرێسی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرای كرد، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ناوی 70 كەسی داوە بە بەپرسانی ئەمەریكا تا وەك بەرپرسی تەناهی و سەربازی لە پێكهاتەی نوێی هێزەكانی سووریا جێگیر بكرێن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، لیستەكە ناوی نزیكەی 70 فەرماندەی سەربازیی هەسەدە لە خۆ دەگرێت كە بڕیارە بەمزووانە وەك فەریق، لیوا، بەرپرسانی وەزارەتەكانی ناخۆ و بەرگری دابمەزرێن.
ئەوە لە كاتێكدایە هەسەدە و حكوومەت سووریا بەردەوام لە گفتوگۆدان تا هێزەكانی سووریای دیموكرات ببنە بەشێك لە هێزەكانی بەرگریی وڵاتەكە.
پێشتر بڵاو كرایەوە كە رێككەوتن كراوە هێزەكانی هەسەدە لە سێ فیرقەدا یەك بخرێن، ئەو سێ فیرقەیە چەندان لیوا لەخۆ دەگرێت و بەشێك دەبن لە بەرگری سووریا، بەڵام تێكەڵی هێزەكانی حكوومەت و گرووپەكانی تر نابن.
لیستەكە هەروەها ناوی فەرماندەكانی سێ لیوای تایبەتی سەربە فەرماندەیی ئەركانی سوپا لە خۆ دەگرێت، 30%ی ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێك لە دەستەی ئەركانی سووریا، ئەوەش بەپێی ئاژانسەكە.
یەكێك لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە سەرانسەری خاكی سووریا بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كار دەكات .
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ناوەڕاستی ئەم مانگە تشرینی یەكەم ئاشكرای كرد، لەگەڵ حكوومەتی سووریا بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەر پلانێك بۆ یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی ئەو وڵاتە رێككەوتوون.
ئەم باسانە لە كاتێكدان كە بەردەوام گفتوگۆ هەیە و پێكدادانیش هەن، ئەمشەویش وەزارەتی بەرگریی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار كرد بەوەی بۆردمانی هێزەكانیانی كردووە و دوو سەرباز كوژراون، ئەگەرچی بەپەلە هەسەدە ئەمەی رەت كردەوە و گوتی دروورە لە راستییەوە.
بەپێی ئاژانسەكەی رۆژئاوای كوردستان، دەبێت هەسەدە وەك یەكەیەكی یەكگرتوو لە سوپای نوێدا بمێنێتەوە و تەنیا ئەرك و بەرپرسیارێتییان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.
ئێستە كە باسی تێكەڵكردنی هەسەدە بە هێزەكانی حكوومەتی كاتی سووریا دەكرێت، هێشتا چەندان هێز ماون تێكەڵی هێزەكانی حكوومەت نەكراون، بەشێكیشیان جاروبار لەگەڵ حكوومەت شەڕ دەكەن، لەوانە ئەو هێز و گرووپە چەكدارە بیانییانەی كە پێشتر لەگەڵ بەرەی نوسرەدا بوون و ئێستە نایانەوێت هێزەكەیان لە دەست بچێت.