ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی جارێكی تر لەگەڵ ئەردۆغان كۆ دەبنەوە

:: AM:10:06:30/10/2025 ‌
بڕیار وایە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، جارێكی تر شاندی ئیمراڵی بچنەوە لای ئەردۆغان لەبارەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆ بكەن.

شاندەكە پێكدێت لە پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری شاری وان، میتهەت سنجار پەرلەمانتاری شاری رەها (ئورفا)، تا ئێستەش دیار نییە لە كۆبوونەوەكە جگە لە  سەرۆك كۆمار، كێ ئامادە دەبێت.

ئەمە سێیەم كۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵییە لە ماوەی ئەمساڵدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا، هەرسێ كۆبوونەوەكەش لە كۆشكی سەرۆك كۆماری توركیا لە "بێشتەپە” ئەنجام دراوە.

دوو كۆبوونەوەكانی تر لە رێكەوتی 10/4/2025 و 7/7/2025 ئەنجام درا، بەپێی راگەیەنراوەكانی هەردوولا، تێیاندا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەكانی دواتر كراوە، چاوەڕێش دەكرێت گفتوگۆكانی ئەمڕۆ هەر لەبارەی هەمان بابەتەوە بن، بەتایبەت پرسی كشانەوەی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان .

بڕیارە شاندی دەم پارتی داوای رژدبوونی زیاتری ئەردۆغان و بڕیاردان لەسەر بابەتەكان بكەن، چیتر كات بەفیرۆ نەدرێت و خەڵك چاوەڕێ هەنگاونانە.



وشە - سۆران عەزیز