بەپێی چەند سەرچاوەیەك وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە چەند گۆڕانكارییەكی بەسەر ڤیزەی تایبەت بە گەشتی عومرە كردووە، لەوانە هەڵوەشانەوەی ڤیزەكە لە دوای تێپەڕبوونی 30 رۆژ لە وادەی وەرگرتنی، ئەگەر عومرەكارەكە گەشەتەكەی بۆ سعوودیە ئەنجام نەدات.
	
سەرچاوەكە روونی كردەوە كە بڕیارەكە لە هەفتەی داهاتووەوە دێتە جێبەجێكردن، كاتێك ماوەی بەسەرچوونی ڤیزەی عومرە لە سێ مانگەوە بۆ یەك مانگ لە وادەی وەرگرتنی كەم دەكرێتەوە، كەچی تا ئێستە گۆڕانكاری لە ماوەی مانەوەی عومرەكار دوای گەیشتنی بۆ سعوودیە نەكراوە و وەك خۆی ماوەتەوە كە سێ مانگە. 
 
	
ئەحمەد باجعێفەر راوێژكاری لیژنەی نیشتمانی بۆ عومرە دەڵێت، ئەو بڕیارەی هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، لە چوارچێوەی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیەیە بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی ژمارەیەكی زۆر زیاتری عومرەكاران، بەتایبەتی ئێستە كە وەرزی هاوین كۆتای هاتووە و پلەكانی گەرما لە مەككە و مەدینە نزم بوونەتەوە، بۆیە بۆ رێگرتن لە كەڵەكەبوونی ژمارەیەكی زۆری عومرەكاران لە هەمان كات، بڕیارەكە دراوە.