شارەزایان پێیان وایە دۆخی لبنان لە هەموو رووەكانەوە پووكاوە و لەرزۆكە، ئەمەریكا و رۆژئاوا و وڵاتانی كەنداویش، بەیرووتیان لە نێوان رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و داماڵینی چەكی حزبوڵا و دووركەوتنەوە لە ئێران و فەرامۆشكردن و شەڕ سەرپشك كردووە، چەند رۆژێكەی بەرپرسانی ئەمەریكا لە لبنانن و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەن، سەرچاوەیەك دووپاتی دەكاتەوە كە لبنانییەكان پێیان وایە لەو دۆخە بمێننەوە وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو بەردەوام بن.
	
دۆخی 
لبنان زۆر شلۆقە، حزبوڵا دەستبەرداری چەكی دەستی نابێت، سوپای لبنانیش نایەوێ بە زەبری هێز ئەو كارە بكات و شەڕێكی ناوخۆیی دروست ببێت، ئەمەریكاش گرەو لەسەر لبنانییەكان دەكات خۆیان گوشار بخەنە سەر حزبوڵا بۆ داماڵینی چەكەكانی، كە لەگەڵ پاڵپشتیكردنی وڵاتەكە و ئاوەدانكردنەوەی سەرپشكیان كردووە، بەو مەرجەی دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگینا ناتوانن كۆنترۆڵی ئیسرائیل بكەن بۆ لەناوبردنی حزبوڵا بە رێگەچارەی سەربازی.
	
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی ئەمەریكی، ئەمەریكا پلانێكی بۆ بەرپرسانی لبنان خستووەتە روو بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتە كە دەبێتە هاندەر بۆ داماڵینی خۆویستانەی چەكی حزبوڵا، لە بەرانبەر خەرجكردنی چەندان ملیار دۆلاری وڵاتانی كەنداو بۆ پڕۆژەكان لە باشووری ئەو وڵاتە، هاوكات رزگاركردنی لبنان لە رووخان و داتەپین و دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل.
	
بەپێی سەرچاوەكە لایەنە كاریگەرەكان لە لبنان پێشنیازەكەی ئەمەریكایان رەت كردووەتەوە و پێیان باشتر بووە كە دۆخی سیاسی و سەربازی وەك خۆی بمینێتەوە، وەك بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت، بەداخەوە ئەوان دۆخی ئێستەیان پێ باشترە، واتە لبنان وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو دەمێنێتەوە، ئێستە ئەو هەلەی سەرۆك ترەمپ بۆ لبنانی رەخساندبوو، لەدەست چوو.