مارک ساڤایا، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، لە یەکەم راگەیەنراوی فەرمیی خۆیدا پشتیوانیی واشنتنی بۆ "سەقامگیری و سەروەری و خۆشگوزەرانیی" عێراق دووپات کردەوە. لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو هێزە چەکدارەکان لەژێر ئاڵای حکوومەتی ناوەندیدا یەکبخرێن و ڕێگە نەدرێت هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار بکات.
ساڤایا لە راگەیەنراوێكدا کە یەکەم راگەیەنراوی فەرمییەتی لەدوای دەستبەکاربوونی، ڕای گەیاند، سەرکردایەتیی عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ئەوەی وڵات بخاتە سەر ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریی دروست.
ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق دەستی کردووە بە وەرگرتنەوەی پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری کە کار بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان و کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت و کردنەوەی بازاڕەکان لە بەردەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکات.
نێردراوە ئەمەریکییەکە گوتیشی، ئەمەریكا بە ڕوونی ڕای گەیاندووە کە هیچ شوێنێک بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن، هەروەها سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق بەندە بە بوونی هێزێکی ئەمنیی یەکگرتوو لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
ساڤایا دووپاتی کردەوە کە داهاتووی عێراق و ناوچەکە بەندە بە وڵاتێکەوە کە خاوەنی سەروەریی تەواو بێت، دوور لە دەستێوەردانە زیانبەخشەکانی دەرەکی، بەتایبەتی لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە. هاوکات داوای بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی بەردەوام و گەشەی ئابووری و یەکڕیزیی نیشتمانی.
مارک ساڤایا، کە بازرگانێکی ئەمەریکیی بە ڕەچەڵەک عێراقییە (کلدانی/ئاشووری) و لە 19ی تشرینی یەکەمی 2025 بە فەرمی دەستبەکاربووە، راگەیەنراوەكەی بەوە کۆتایی پێهێنا: ئەرکی من، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک ترەمپ، پشتیوانیکردنی عێراقە لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و سەروەری و خۆشگوزەرانی.