ئەمڕۆ هەینی 31ی ئۆكتۆبەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی کرد کۆتایی بەو سیاسەتە بهێنێت کە دەبێتە هۆی دواخستنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکان.
	
ترەمپ گوتی، بژاردەکە ڕوونە، "بژاردەی ئەتۆمی" دەست پێ بکەن و لە سیاسەتی پەکخستن ڕزگارتان بێت.
	
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، کە لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی ئاسیادا کە مالیزیا و ژاپۆن و کۆریای باشووری لەخۆگرتبوو، زۆر بیری لەم بژاردەیە کردووەتەوە، و گەشتەکەی بە کۆبوونەوە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کۆتایی پێهێنا.
	
ئەم داواکارییەی ترەمپ، هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەست پێ کردنی تاقیکردنەوەی نوێی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریکاوە، کە تێیدا ئاماژەی بەو تاقیکردنەوانە کرد کە ڕووسیا لەسەر مووشەکی "بوورۆڤێستنیک" و تۆرپیدۆی "پۆسایدن" ئەنجامی داوە.
	
سیاسەتی پەکخستن، کە بە "فلیباستەر" (Filibuster) ناسراوە، تاکتیکێکی سیاسییە لە ئەنجوومەنی پیران بۆ دواخستن یان ڕێگریکردن لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسایەک لە ڕێگەی درێژکردنەوەی گفتوگۆکان.
	
بۆ تێپەڕاندنی ئەم تاکتیکە، پێویستی بە 60 دەنگ هەیە لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنەکە. ئەمەش وای کردووە دیموکراتەکان، وەک کەمینە، بتوانن چاودێری بەسەر زۆرینەی کۆمارییەکانەوە بکەن کە خاوەنی 53 کورسین، و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی داخرانی بەشێکی حکوومەت لە یەکی تشرینی یەکەمەوە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی دارایی.