توركیا لە پێوەرەكانی دادپەروەریدا ئاستی گەلێك هاتووەتە خوارەوە و بۆ پلەی 118 دابەزیوە، هەروەها لە بواری مافە سەرەكییەكان پلەی 134ی گرتووە.
بەگوێرەی داتاكانی پڕۆژەی دادپەروەری جیهانی (WJP)، كە بوارە سەرەكییەكانی وەك سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی حكوومەت، هەوڵەكانی دژە گەندەڵی، حكوومەتی كراوە، مافە سەرەكییەكان، ڕێكوپێكی و تەناهیی گشتی، جێبەجێكردنی ڕێكخراوەیی و دادپەروەری مەدەنی و تاوانكاری لە خۆ دەگرێت، بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو توركیا 38 پلە ئاستی دابەزیوە.
بەپێی داتاكان، توركیا لە كۆی 15 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، لە پلەی 14ـەمیندایە.
بەپێی داتاكان بواری مافە سەرەكییەكان، لاوازترین بواری توركیایە و لە كۆی 143 وڵات بۆ پلەی 134 دابەزیوە كە بوارەكانی وەك ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی دادوەری و مافی كۆبوونەوە و گربوونەوە دەگرێتەوە.
پڕۆژەی دادپەروەری جیهانی بڵاوی كردەوە، "سنوورداركردنی ئازادی ڕادەربڕین و كاریگەریی سیاسی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری هەبووە، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ خراپی و دابەزینی ئاستی توركیا.
داتاكانی پڕۆژەی دادپەروەری جیهانی لەسەر بنەمای ئەو ڕاپرسییانەن كە لەگەڵ 64 هەزار ماڵ و سێ هەزار و 800 پسپۆڕی یاسایی ئەنجام دراون. هەروەها ڕاپۆرتی WJP سەرچاوەی هەڵسەنگاندنی ڕێكخراوەكانی وەك شەفافییەتی نێودەوڵەتی و Freedom Houseـە.