گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق پێش هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگە زیاتر بووە و چاودێران پێشبینی دەكەن لە دوای هەڵبژاردنەكان گوشارەكان زیاتر ببن، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە واشنتتن لە داواكەی روونە بەوەی پێویستە میلیشیاكان لە عێراق هەڵبوەشێنەوە.
سەرچاوەیەك بە
"شەفەق نیوز"ی گوت، ئێمە روونین بەوەی پێویستە جموجۆڵی میلیشیاكان لە عێراق بێتە وەستان و دەبێت ئەوان لێك هەڵوەشێنەوە، ئەو گرووپانە لە ئەنجامدانی توندوتیژی و چالاكی شێوێنەری سەقامگیری لە عێراق و هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریكییەكان و لاوازكردنی سەروەریی وڵاتەكە بەردەوامن.
دووپاتی كردەوە، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین بۆ داماڵینی چەكی ئەو میلیشیایانە و نەهێشتنی دەسەڵاتیان و لێك هەڵوەشاندنەوەیان، نابێت رۆڵیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق هەبێت و ئەوان تەنیا زیان بە سەروەریی خاكی عێراق دەگەیەنن.
دوێنێ مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق بەیاننامەیەكی فەرمیی بڵاو كردەوە و دووپاتی كردەوە كە واشنتن پاڵپشتیی لە رەوتی كاری بەغدا دەكات بەرەو سەقامگیری و سەروەری و گەشەسەندن و دووپاتی كردەوە كە پێویستە هێزە چەكدارەكانی عێراق لە ژێر ئاڵای حكوومەتی بەغدا بێنە یەكخستن و رێگری لە كاركردنی هەر گرووپێك بكرێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، وەك ئاماژەیەك بۆ میلیشیاكانی نزیك لە ئێران.