فه‌رمانده‌یى پۆلیسى میسان ئاشكراى كرد، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌كدارێكه‌وه ته‌قه له هێزێكى پۆلیس كراوه و دوو پۆلیس بریندارن و یه‌كێكی تریش كوژراوه، دواتریش ته‌رمى ته‌قه‌كه‌ره‌كه به كوژراوى دۆزراوه‌ته‌وه.
	
 ئه‌مڕۆ دووشه‌م سێى تشرینى دووه‌م، فه‌رمانده‌یى پۆلیسى میسان له باشوورى عێراق 
راى گه‌یاند، له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانى سه‌نته‌رى شارى عیماره، كه‌سێك به هه‌ڕه‌مه‌كى ته‌قه‌ى له خه‌ڵك كردووه، خه‌ڵكه‌كه‌یش تۆقیون، بۆیه ده‌ستبه‌جێ پۆلیس چوونه‌ته شوێنى رووداوه‌كه.
 
	
كه‌چى ئه‌و كه‌سه له ته‌قه‌كردن به‌رده‌وام بووه و ته‌نانه‌ت ته‌قه له پۆلیسیش ده‌كات، له ئه‌نجامدا سێ كه‌س بریندار ده‌بن و یه‌كێكیان هه‌رزوو به هۆى سه‌ختیى برینه‌كه‌ى گیان له ده‌ست ده‌دات. 
	
دواى ماوه‌یه‌كى كورت له پێكدادان له‌گه‌ڵ ته‌قه‌كه‌ره‌كه، پۆلیس هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵه‌كه، ده‌بینین كه‌سه‌كه گیانى له ده‌ست داوه و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كه‌كه‌ى گیراوه و لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه.
	
له ماوه‌ى هاوینى رابردوودا چه‌ندان جار له پارێزگاى میسان ته‌قه له هێزه ته‌ناهییه‌كان كراوه و چه‌ندان شه‌ڕى گه‌وره‌ى عه‌شایه‌رى رووى داوه، تا حاڵه‌ته‌كه به‌وه گه‌یشت محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ته‌ناهیى شاره‌كه كۆبووه‌وه و هێزێكى زیاتریشى ره‌وانه‌ى شاره‌كه كرد.